کەرکوک، بە مەراسیمێکی شکۆدار هونەرمەند شوکر خەیات بەخاك سپێردرا
هونەرمەندی گەورەی کورد شوکر خەیات ناسراو بە 'سەدای ئەنفال' بە ڕێوڕەسمێک لەسەر وەسێتی خۆی لە گۆرستانی ڕەحیماوا لە کەرکوک بەخاك سپێردرا.
هونەرمەندی گەورەی کورد شوکر خەیات ناسراو بە 'سەدای ئەنفال' بە ڕێوڕەسمێک لەسەر وەسێتی خۆی لە گۆرستانی ڕەحیماوا لە کەرکوک بەخاك سپێردرا.
هونەرمەندی گەورەی مەقام بێژی کورد شوکر خەیات پاش ئەوەی دۆخی ئەو هونەرمەندە خراپ بوو و بۆ ماوەی ١١ رۆژ لە شاری هەولێر لە نەخۆشخانە دەمینێتەوە، درەنگانی شەوی ڕابردوو بۆ دواجار ماڵئاوایی کرد و ئەمرۆ شەممە تەرمی ئەو هونەرمەندە لەسەر وەسێتی خۆی گەڕێنرایەوە شارەکەی خۆی کەرکوک و لە گۆڕستانی گەرەکی ڕەحیماوای شاری کەرکوک لە ڕێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی هونەرمەند و بەرپرسانی سیاسی و کەسایەتی شاری کەرکوک بەخاك سپێردرا.
وەکو فاروق شوکر خەیاتی کوڕە گەورەی هونەرمەند دەڵێت: "چەند رۆژێک بەر لە مەرگی پێی ووتم: "تەنیا داوا و وەسیەتم ئەوەیە، کە بمبەنەوە شاری کەرکوک و لە گۆڕستانی رەحیماوا بمنێژن، چونکە ژیان و یادگاری منداڵی و هونەریم لەو شارە چەکەرەی کرد و دواجار لێی ئاوارەبوومە، بۆیە بە مەرگیش بێت حەز دەکەم بگەڕێمەوە کەرکووک".
شکور خەیات مامۆستای مەقامی کوردی و یەکێک لە هونەرمەندە ڕەسەنەکانی کوردستان، شوکر محەمەد قادر ناسراو بە (شوکر خەیات) لە ساڵی ١٩٤٠ لە گوندی قەڵغانلووی سەربە شارۆچکەی خورماتوو لەدایکبووە، هەر لە منداڵییەوە دەرکەوتووە کە دەنگێکی تایبەتیی هەبووە، کاتێک منداڵبووە، کە ئەوکات گۆرانی (گیان ئەزیزەکەم) دەرچووبوو ئەو گۆرانییەی چڕیووە، عەلی مەردان یش گوێی لێ دەبێت و لەبارەی دەنگیەوە گوتبووی: "ئەم منداڵە دەنگی زۆر خۆش دەردەچێت" ئیتر لەوکاتە بەدواوە خولیای وتنی مەقامی دەبێت. هاوڕێیەتی لەگەڵ عەلی مەرداندا هەبووە و هاوکاری بووە لەمەقاماتدا.
لە ساڵی ١٩٥٣ چووەتە دونیای هونەری کوردییەوە و دەستی بە وتنی بەستە و مەقامات کردووە، شوکر خەیات لە ١٩٥٥ یەکەم بەرهەمی هونەری خۆی لەسەر دەستی مامۆستا عەلی مەردان تۆمار کرد و وەک یەکێک لە هونەرزانانی بواری مەقام ناسرا و پاشان نازناوی سەدای ئەنفالی پێوە لکێندرا و تا دوا هەناسەکانی ژیانیشی لە خزمەت ئاواز و گۆرانی رەسەنی کوردی بوو.
شوکر خەیات لەپاڵ هونەرەکەیدا لە ساڵی ١٩٥٧وە کاری خەیاتی دەکات، چونکە نەیتوانیوە بە کاری هونەری بژێوی ژیانی دابین بکات، چەندین شار و شارۆچکەی کوردستان گەڕاوە و چەند ساڵێکیش لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەسەر بردووە. دوای مانەوەی ١١ ڕۆژ لە نەخۆشخانەیەکی شاری هەولێر بەهۆی نەخۆشییەوە لە ڕێکەوتی درەنگانی دوێنی شەو هەینی ١٨/٨/٢٠٢٣ کۆچی دوایی کرد.
سەبارەت بە کۆچی دوایی ئەو کەڵە هونەرمەندە نورەدین زەنگەنە بەرپرسی ناوەندی عەلی مەردان بۆ مەقام بێژی، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) ووتی: "ئەمرۆ بە ڕۆژێکی غەمگین و ماتەمینی دادەنین بۆ هۆنەرمەندان و رۆشنبیرانی شاری کەرکوک چونکە هونەرمەندێکی گەورەمان لەدەستچوو ئەویش مامۆستای مەقام و فەرهەنگی مەقامات بوو لە شاری کەرکوک و گەرمیان، ئەمرۆ بە کۆچی دوایی مامۆستا شوکر خەیات هەست دەکەین کەلێنێکی گەورە لەنێو مەقامی ڕەسەنی کوردی دروستبوو، چونکە ئەو مامۆستایە شارەزایەکی تەواوی لە هونەری ڕەسەنی مەقامبێژی هەبوو".
هەروەها نورەدین زەنگەنە لە درێژەی قسەکانیدا ووتیشی: "هەرچەندە ئەو هونەرمەندە سەقاڵی دابین کردنی بژێوی ژیانی بنەماڵەکەی بوو لەگەڵ ئەوەشدا ژیانی بۆ هونەرەکەی تەرخان کرد زیاتر لە ٥٠ بۆ ٦٠ ساڵ خزمەتی هونەری ڕەسەنی شاری کەرکوکی کردووە، داواکارام لە هونەرمەندان بەردەوام بن لە درێژەپێدان بە ڕێگای هونەرمەندان عەلی مەردان، سەڵاح داودە و شوکر خەیات چونکە ئەم هونەری مەقامبێژی ڕەسنیەی کەرکوک لە نەوەوە بۆمان ماوەتەوە و ئێمەش ئەرکە لەسەر شانمان بیگەینینە نەوەکانی دوای خۆمان، بۆیە داواکارم لە هونەرمەندان ئەم ڕێچکەیە بزر نەکەن و بەردەوام بن لەخزمەتکردنی هونەری ڕەسەنی شاری کەرکوک کە ئەویش هونەری مەقاماتی هونەری کوردییە، روحی مامۆستا شوکر خەیات شادبێت".
لەلای خۆیەوە عومەرە درێژ مامۆستای مەقام و هاوڕێ هونەرمەندی کۆچ کردوو سەبارەت بە کۆچی شوکر خەیات، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "شوکر خەیات ئەستێرەیەک بوو لە ئەستێرە گەشەکانی شاری کەرکوک و ناوچەی گەرمیان، بە کۆچی دوای ئەو هونەرمەندە کەڵێنێک لە هونەری مەقامبێری دروست بوو، شوکر خەیات خاوەن دەنگێکی ڕەسەن بوو و توانی مەقامە کوردییە بەجوانی بچڕێت و خزمەتی کوردی کرد، دەبێت هەوڵدەین ئەم هونەرە نەفەوتێنین بەداخەوە فەرمۆش کراوین و ئەم هونەرە بەرەو لاوازبوون دەچێت".