کەرکوک، دەربارەی ژیان و شۆڕشەكانی شێخ مەحمود کۆڕێک بەڕێوەچوو
لە شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "تێكۆشانی شێخ مەحمودی حەفید بۆ بەدەست هێنانی سەربەخۆیی" کۆڕێک سازکرا.
لە شاری کەرکوک، لەژێر ناونیشانی "تێكۆشانی شێخ مەحمودی حەفید بۆ بەدەست هێنانی سەربەخۆیی" کۆڕێک سازکرا.
شێخ مەحمودی حەفید لە نیوەی یەكەمی سەدەی بیستەمدا یەكێك بوو لە سەركردە هەرە دیارەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان، تێكۆشانی زۆری بۆ بەدەست هێنانی سەربەخۆیی كوردستان و دامەزراندنی مەمەلەكەت (شانشین)ی باشوری كوردستان كرد.
ئێوارەی ئەمرۆ چوارشەممە، لە کتێبخانەی کارێز لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، لەژێر ناونیشانی "تێكۆشانی شێخ مەحمودی حەفید بۆ بەدەست هێنانی سەربەخۆیی" کۆڕێک بۆ مێژوونووس سەید حەسەنی پیریادی سازکرا.
مامۆستا سەید حەسەنی پیریادی ساڵانێكە بە قووڵی لە مێژووی نوێی كوردستان و تێكۆشانی كورد بۆ بەدەست هێنانی كوردستانی سەربەخۆ دەكۆڵێتەوە، ژێدەر و سەرچاوەی زۆری خوێندۆتەوە، بە ئامانجی ئەوەی خوێندنەوەیەكی دروست و بابەتیانە بۆ مێژووی كورد و كوردستان لە سەدەی بیستەمدا بخاتە ڕوو، بەردەوام خەریكی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونە.
سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆڕەکەی سەید حەسەن پیریادی نووسەر و مێژوونووس، بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات(ANF) گوتی: "لەم کۆڕەدا باسی شۆرشەکانی شێخ مەحمودی حەفیدمان کرد و جەختماکردەوە لە پەیوەندییەکانی شێخ مەحمود لەگەڵ ئینگلیزەکان کە هیچ کات نیەتیان نەبوو دەوڵەتێک بۆ کورد دروست بکەن دوای ڕووخانی ئیمبڕاتۆڕیەتی عوسمانی، هەروەها بەراوردی شێخ مەحمود و مەلیک فەیسەلی پاشای عێراقمان کرد کە چۆن بەریتانییەکانی ڕاوێژکارییان بۆ پاشای عێراق دەکرد لە هەموو بوارەکان بە پێچەوانەی شێخ مەحمود"،
ئەو مێژوونووسە لەدرێژەی قسەکانیدا گوتی: "هەروەها باسی دەستگیرکردن و گەڕانەوەی شێخ مەحمودمان کرد بۆ کوردستان تا دەگاتە ساڵی ١٩٥٦ کە داری کەڵی کۆچی دوایی کرد، کە تا مردنی ئازری دەکێشا بەهۆی ئەو فیشەکەی لەناو شانی بوو، هەرچەندە شێخ مەحمود لە ساڵی ١٩٥٦ لە دەسەڵات نەمابوو و گەنجایەتی و هێزی نەمابوو بەڵام هەر کاریزمای مابوو، دەبێت ئێمەی کورد ڕێز لە سەرکردەکانمان بگرین و لە سیستەمی پەروەردە ناویان جێگیر بکرێت تا نەوەکانی داهاتوو مێژووی سەرکردە و شۆرشەکانی گەلی کورد بزانن، چونکە هەر گەلێک مێژووی خۆی نەزانێت ئەوە داهاتووی نابێت".