"کەرکوک لەژێر مەترسی سڕینەوە ناسنامەیە"

لەژێرناونیشانی "زمان و ناسنامە، كەركوک لە فرە زمانییەوە بەرەو تاك زمان" لە کەرکوک کۆڕێک سازکرا.

كەركوك یەكێكە لە شارانی فرە زمانی كوردستان، فرە زمانییەكەی كەركوك لە گەرمەی شاڵاوی بەعەرەب کردنی ناوچەکە لە لایەن رژێمی بەعسی داگیركەرەوە، هەڕەشەی تەواوی لەسەر بوو، رژێمی پێشووی بەعسی عێراق زۆر فراوان كاری بۆ سڕینەوە و نەهێشتنی فرە زمانییەكەی كەركوك كرد، ئەویش بۆ سەپاندنی زمانی عەرەبی بوو وەك تاكە زمانی شارەكە.

سەرەڕای ئەوەی سەرووی بیست ساڵە رژێمی بەعس نەماوە، بەڵام هەڕەشە بۆ سەر فرە زمانییەكەی كەركوك بەردەوامە و نەبڕاوەتەوە.

سەبارەت بە دۆخی زمان و ناسنامەی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، ئێوارەی ئەمرۆ لە کتێبخانەی کارێز، لەژێرناونیشانی "زمان و ناسنامە، كەركوک لە فرە زمانییەوە بەرەو تاك زمان" کۆڕێک بۆ تاریق کارێزی نووسەر و کەسایەتی رۆشنبیری شاری کەرکوک سازکرا.

لە کۆڕەکەدا تاریق کارێزی نووسەر و کەسایەتی رۆشنبیر، شرۆڤەیەكی بابەتیانەی سەبارەت بەو پرسە خستەڕوو.  

كارێزی لەو كۆڕەدا گەشتێكی بە مێژووی دەوڵەتی عێراقدا كرد، بە تایبەتی لە پەیوەندی بە كورد لە ڕووی كولتوورەوە، تێیدا بە وردی باسی دۆخی كولتوور و زمانی كوردیی لە باشووری كوردستاندا كرد، بەوەی دەوڵەتی عیراق لەسەر بنەمای تاكە نەتەوەی عەرەب دامەزراوە و هەردەم لە ئاستی فەرمیدا كاری بۆ سڕینەوە و نەهێشتنی نەتەوەی كورد كردووە، شەڕی دژ بە زمان و كولتووری كوردی كردووە، هیچ نا بە لای كەمەوە هەوڵی داوە، زمان و كولتووری كورد سنووردار بكات.

بە گوتەی كارێزی، دۆخی زمان و كولتووری كورد لە باشووری كوردستان و لە چوارچێوەی دەوڵەتی عیراقدا بە دوو قۆناغدا تێپەڕ بووە، قۆناغی یەكەم لە دروست بوونی دەوڵەتی عێراق لە ساڵی ١٩٢١ـەوە دەست پێ دەكات تا دەگاتە ساڵی ٢٠٠٣ كە هەردوو سەردەمی پاشایەتی و كۆماری یەكەم دەگرێتەوە، لەو سەردەمەدا حكومەتی عێراق هەوڵی داوە زمان و كولتووری كورد لە كەركوك ڕیشەكێش بكات، ئەگەرچی دەوڵەتی عێراق سیاسەتێكی دژواری دژ بە كورد و زمان و كولتوورەكەی لەو شارەدا پیادە كرد، بەڵام سەرەنجام لەو هەوڵەی سەركەوتوو نەبوو.

وەك كۆڕگێڕ ڕوونی كردەوە، لە سەردەمی كۆماری دووەم، لە ٢٠٠٣ بە دواوە، دەستووری عێراق زمانی كوردیی وەك یەكێك لە دوو زمانە فەرمییەكەی دەوڵەتی عێراق ناسی، بەم جۆرە لە كەركوكدا زمان و كولتووری كورد بووژانەوە، بەڵام بەشێك لە خەڵكی كورد هێندە ئامادە نین داكۆكی لە زمان و كولتووری خۆیان بكەن، ئەمەش وای كردووە، زمان و كولتووری كورد پێگەی شایستە بە خۆی لە كەركوكدا نەگرێت، ئەو شارەی باشووری كوردستان كە زۆرینەی كوردە، بەڵام هێشتا هەوڵ هەیە بۆ زاڵ كردنی زمانی عەرەبی بەسەر زمانی كوردی لەو شارەدا.