کەرکوک، پەردە لەسەر پەیکەری شەهیدی قەڵەم شێخ مارف بەرزنجى لادرا

لە شاری کەرکوک بە مەراسیمێك پەردە لەسەر پەیکەری شاعیر، چیرۆک نووس، نووسەر و شەهیدی قەڵەم ( شێخ مارف بەرزنجى) لادرا.

شێخ مارف بەرزنجی ناوى تەواوى (مارف عەبدولکەریم حوسێنە). شێخ مارف شاعیر و چیرۆک نووس و نوسەر بووە و به‌ شەھیدی فکر و قەڵەم ناونراوه‌، لە مانگی (2)ى 1921 لە ناوچەی قادر کەرەم لە دایکبووە، خوێندنى پۆلی پێنجەم و شەشەمی سەرەتایى قۆناغی ناوەندیی لەشاری کەرکوک تەواو کردووە، لە ساڵى 1937 یەکەمین ھۆنراوەی نەتەوەیی نووسیوە. بەڵام لە ساڵى 1942 لە ڕۆژنامەی دەستنووسی (باسەرە) بڵاوکردۆتەوە.

شێخ مارف بەرزنجە لە ساڵی 1939 لەگەڵ دامەزراندنی حزبی ھیوا دەبێتە ئەندامێکی چالاکی ئەو حزببە، دواتر لە حزبی شیوعی عیراق درێژەی بەتێكۆشانی خۆی داوە، لە ساڵى 1948 و 1949 کارى پارێزەری لە شارى کەرکوک دەکات، لە ساڵى 1950 دوای ئەوەى لەسەر ھەڵوێستی سیاسى رووبەڕووى مەترسى دەبێتەوە روودەکاتە شاخەکانی سەنگاو و قەرەداغ و شارباژێڕ و  ئاوارە دەبێت و نزیکەی چوار مانگ لای شێخ مەحموودی نەمر لە داریکەلی و مانگێکیش لە سیتەک لای شێخ لەتیفی حەفید دەبێ.

شێخ مارف بەرزنجی لە ساڵى 1954 لە ھەڵبژاردنى پەرلەمانی عێراق، دەنگێکی یەکجار زۆر لە سلێمانی بەدەستهێناوە، بەڵام ڕژێم رێگەى نەدواوە ببێتە نوێنەری گەلەکەى لە پەرلەماندا، لە ساڵى 1954 تاکو ساڵى 1955بووەتە پارێزەری جوتیارەکانی کوردستان لە دژی خاوەن موڵکە دەسەڵاتدارەکان، بەمەش ناوناوى پارێزەری ھەژارانى پێدەبەخشرێت.

- لەدوای شۆڕشی 14ى تەممووزی 1958بووە بە سکرتێری ئاشتیخوازانی پارێزگای کەرکوک و بە ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانی ئاشتیخوازانی عێراق ھەڵبژێردراوە و لەسەر دواى هاوڵاتیانى شارى کەرکوک بە سەرۆکی شارەوانی ئەو شارە دامەزراوە.

- له‌ ساڵی 1958 ئەندامی دەستەی نوسەرانی گۆڤاری شەفەق بووە كە لەشاری كەركوك دەرچووە، بەرهەمەكانی لەم گۆڤارە‌ و رۆژنامە‌ و گۆڤارەكانی تری ئەو سەردەمەدا بڵاو كردۆتەوە.

- لە رۆژى 14/7/1959 لەگەڵ دەستەیەک نیشتمانپەروەرانی کورد زیندانى دەکرێن و دەدرێن بە دادگای سەربازی و فەرمانی لە سێدارەدانیان بۆ دەردەکرێت، لەناو بەندیخانەوە وتار و ھۆنراوە و چیرۆکی ھونەریی و ڕەخنەو لێکۆڵینەوەی بەھێزی نووسیوە و لە گۆڤارە کوردییەکان بەنازناوی (پشکۆ) بڵاویکردۆتەوە، لە رۆژى 23/6/1963 فەرمانى لە سێدارەدانى لەگەڵ هاوڕێکانى جێبەجێدەکرێت و بەرەبەیانى ئەم رۆژە لە سێدارە دەدرێن.

ئێوارەی ئەمرۆش پێنج-شەممە لە پارکی شەهید شێخ مارف بەرزنجی لە گەرەکی ئیسکانی شاری کەرکوک، لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبووانی کەسایەتی حزبی و چالاکوانان و هونەرمەندان و رۆشنبیرانی شاری کەرکوک، پەردە لەسەر پەیکەری شاعیر، چیرۆک نووس، نووسەر و شەهیدی قەڵەم ( شێخ مارف بەرزنجى) لادرا.

پەیکەرەکە لەسەر ئەرکی کۆمەڵگەی پەروەردەیی مارگرێت و بە هاوکاری سەندیگای هونەرمەندانی کوردستان/لقی کەرکوک پەیکەرەکە لەلایەن پەیکەرساز (ئاسۆ کانەبی)یەوە دروستکراوە کە بەرزی پەیکەرەکە (٤) مەترە.

سیروان بێلانە بەرێوبەری هونەری و رۆشنبیری کەرکوک، سەبارەت بەو چالاکییە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: "شێخ مارف بەرزنجی کەسایەتییەکی دیاری شاری کەرکوک بووە کە لەسەر هەڵویست و بیری نشتیمان پەروەری لەگەل چەند هاورێیەکی لەسێدارە دراوە،جێگای خۆشحاڵییە کە ئاوەرێك لەو کەسانە بدرێتەوە کە شوێنی خۆیان لە مێژوویدا کردۆتەوە وە جێگای خۆشحاڵییە کە پەیکەر بۆ ئەو کەسانە بکرێت کە بەخۆنەویستی بەرەو پەتی سێدارە چوونە لەپێناو ئەوەی گەل و نەتەوەکەیان بە ئازادی بژێن."

هەروەها سیروان بێلانە دەڵێت "نەمری بۆ ئەو کەسانەیە کە ناویان دەچێتە مێژووەوە، و مافی خۆیانە لەبری ئەو قوربانی و خزمەتەی کردوویانە کە پەیکەریان بۆ دروست بکرێت و شەقام بکرێت بەناویان وەکو وەفایەک بەرامبەر ئەو دڵسۆزیەی کە تا لەژیاندا بوونە  خزمەتیان کردووە، بۆیە جێگای خۆیەتی لەپێناو ئەو قوربانیەی داویانە کارێک بکرێت بۆ هەمیشە بەرزڕاگرتنی یادیان و مانەوەیان بە نەمری."

ف.ق