کەسایەتییەکانی کەرکوک داوا دەکەن کورد یەک وتار و یەک لیست بێت
ژمارەیەک لە کەسایەتی، رۆشنبیر، چالاکوان و لایەنی سیاسی شاری کەرکوک، داوا لە حزبەکان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پارێزگاکانی عێراق، یەک وتار و یەک لیست بن.
ژمارەیەک لە کەسایەتی، رۆشنبیر، چالاکوان و لایەنی سیاسی شاری کەرکوک، داوا لە حزبەکان دەکەن بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پارێزگاکانی عێراق، یەک وتار و یەک لیست بن.
ئێوارەی دوێنێ، ژمارەیەک کەسایەتی لە سەنتەری ڕۆشنبیری شاری کەرکوک، ڕەخنەیان لە هەردوو حزبی کوردی دەسەڵاتدار لە باشوری کوردستان گرت، کە بەرژەوندی نەتەوەیی گەلەکەیان کردۆتە قوربانی بەرژەوەندی حزبییەوە و داوایان کرد کە یەکێتی کوردان لە شارەکە دروست بکرێت و کورد لە کەرکوک یەکڕیز و یەک لیست بن".
ئەو کەسایەتیانە کە پێکهاتبوون لە رۆشنبیران، چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی، سەرۆکی عەشیرەت و نوێنەری لایەنە سیاسیەکان لەنێوانیشیاندا تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان، سەرەتا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تێیدا ڕەخنەیان لە هەردوو حزبی دەسەڵات لە باشووری کوردستان پەدەکە و یەنەکە گرت.
ئەو کەسایەتیانەی شاری کەرکوک جەختیانکردەوە، بۆ یەک لیستی هیچ هەنگاو و کردەیەکی ئەرێنی ئەنجام نەدراوە، پاش کۆبوونەوەکەش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، داوایان کرد بە زووترین کات، یەک لیستی لە پارێزگای کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دروست بکرێت.
لای خۆیەوە محەمەد مەلا کەریم، کەسایەتی رۆشنبیری شاری کەرکوک، بەناوی ئامادەبووانەوە بەیاننامەیەکی خوێندەوە کە تێیدا هاتبوو: "لای هەمووان ڕوونە ناتەبایی و نەبوونی نەخشە ڕێگایەکی ڕوون لای هێزە سیاسیەکان، دۆخی هەرێمی کوردستانی تووشی چەقبەستووی سیاسی کردووە و خستوویەتییە سەر ڕێگای هات و نەهات، ئەوەش بووەتە هۆی زیاتر خراپبوونی دۆخی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، پرۆسەی تەعریب و پرسی زەوی و زاری کورد و تورکمان، بە سەربازیکردنی ناوچەکه مەترسیەکی گەورەیە لەسەر دواڕۆژی لە ناوچەکە".
ئەو کەسایەتیانە هەروەها داواکارییەکیان ئاڕاستەی حزبە کوردستانییەکان کرد و رایانگەیاند: "ئێمە کۆمەڵێک لە خەمخۆرانی کەرکوک و ئەنجومەنی کوردی کەرکوک، بۆ کەمکردنەوەی مەترسیەکان، ڕووی دەممان دەکەینە هەموو حزبەکان و لە ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم پێشنیاری یەک وتار و یەک لیستی دەدەین، بۆ ئەوەی پێکەوە ئەرک و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆبگرن و هاوبەشی بڕیاربن، هاوکات داوا لە کوردستانیان دەکەین بەشداری دەنگدان بکەن، دەمانەوێت لە گەڵ ناوەندی بڕیاری حزبەکان دابنیشین و لەسەر پڕۆژەیەکی هاوبەش گفتوگۆ بکەین، بۆ ئەو مەبەستە داوا لە هەموو حزب و لایەنەکان دەکەین پێکەوە لە کەرکوک کۆببنەوە".
ژ.ن