کتێبی "پرسی ئیکۆلۆژی لە ھزری ئۆجالاندا" چاپ و بڵاو کرایەوە

کتێبی "پرسی ئیکۆلۆژی لە ھزری ئۆجالاندا" لە نوسین و توێژینەوە (سورچی نادر) چاپ و بڵاو کرایەوە و نوسەرەکەشی بە ئاژنسی هەوڵی فوڕاتی ڕاگەیاند: کتێبەکە لە ٣ بەش پێکدێت و لە پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بڵاوکراوەتەوە و بەزوویی لە کتێبفرۆشییەکاندا بەردەست دەبێت.

کتێبی "پرسی ئیکۆلۆژی لە ھزری ئۆجالاندا" لە نوسینی (سورچی نادر) چاپ کرا.


نوسەر و توێژەر، (سورچی نادر) لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ بەشی سۆرانی ئاژانسەکەمان فوڕات (ANF) قسەی کرد و لە بارەی کتێبەکەوە وتی: "ئەم کتێبە، توێژینەوەیەکم بوو کە وەک نامەی بەکالۆریۆس و پڕۆژەی دەرچوون پێشکەش بە بەشی فەلسەفەی زانکۆی ڕاپەڕین کراوە لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢٠/ ٢٠٢١ و بە ئاستی نایاب و وەک باشترین توێژینەوە ساڵ لە لایەن زانکۆکەوە پەسەند کراوە. ئێستاش بەبێ ھیچ کەم و زیادکردنێک، تەنیا پێداچوونەوە و چاککردنی ھەڵەکانی بۆ کراوە". 

سورچی نادر وتیشی: کتێبی "پرسی ئیکۆلۆژی لە ھزری ئۆجالاندا"، ٢١٧ لاپەڕەیە و بە سپۆنسەری کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز چاپ کراوە و لە یەکەم ڕۆژی بەڕێوەچوونی پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی کە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە تا ١٠ ڕۆژی بەردەوام دەبێت، کتێبەکە بڵاو کرایەوە لەوێ دەستدەکەوێت و لە کاتێکی نزیکدا لە زۆرینەی کتێبفرۆشییەکانی باشوری کوردستانیشدا بەردەست ئەبێت". 

سورچی نادر، سەبارەت بە ناوەڕۆک و بەشەکانی و بابەتەکانی ناو کتێبەکەش ئەم زانیاریانەدا: "توێژینەوەکە لە سێ بەشی سەرەکی پێکدێت:
بەشی یەکەم/ وەک دەروازەیەک بۆ چوونە ناو بابەتەکە و ناساندنی چەمکی (ئیکۆلۆژی) لە سێ ڕەھەندەوە؛ مێژوویی، زمانەوانیی و زاراوەیی. 

بەشی دووەم/ وەک ڕەخنەگرتن لە سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری و ئەو قەیران و کێشە و کارەساتانەی بە ھۆی ئەم سیستەمەوە بەسەر ژینگەدا ھاتوون، لە دید و بۆچوونی (ئۆجــالان)ـەوە.   

بەشی سێیەم/ وەک ئەلتەرناتیڤ و پێشکەکردنی چارەسەریێک لە ڕوانگەی (ئــۆجــەلان)ـەوە، لە بەرامبەر ئەو کارەسات و قەیرانە ژینگەییانەی لە نێو مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە ژینگە بەرەو ڕووی بووەتەوە، لە بەرامبەردا  ئـۆجـالان تازەگەری دیموکراتیی پێشنیار دەکات و وەک جێگرەوەیەک  کە ئەم سیستەمە لەسەر سێ کۆلەکەی سەرەکی وەستاوە: کۆمەڵگەی ژینگەپارێزی، یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی تازەگەری دیموکراتییە. 

نوسەری کتێبی "پرسی ئیکۆلۆژی لە ھزری ئۆجالاندا" دەڵێت: "بە خۆیندنەوەی ئەم توێژینروەیە، باشتر و ڕوونتر لەم بابەتە تێئەگەین. توێژینەوەکەش وەک ھەر توێژینەوەیەکی زانستی کە پێویستی بە میتۆدێکە، ئێمەش پشتمان بە میتۆدی شیکاری بەستووە".

هەروەها نوسەر و توێژەر سورچی نادر لە ڕێگەی ئاژانسی هەواڵی فوڕات (ANF)وە سوپاسگوزای خۆی بۆ ئەو کەسانە دەربڕی کە هاوکاری بوون و وتی: "سوپاس و پێزانینێکی زۆرم ھەیە بۆ ئەو کەسانەی ھاوکارم بوون بۆ چاپکردنی توێژینەوەکەم. ھەم لە کاتی نووسیندا و، ھەم بۆ پێداچوونەوە و چاپکردنی. قەرزباریانم و سوپاس و ڕێزی خۆمیان بۆ دووبارە دەکەمەوە".

هـ.هــ