“کوردستان دوای سەد ساڵ لە پەیمانی لۆزان”

لە شارۆچکەی ڕانیە، دیدارێک بەناونیشانی "کوردستان دوای سەد ساڵ لە پەیمانی لۆزان" بەڕێوەچوو.

بەبۆنەی تێپەڕینی سەد ساڵ بەسەر واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان، بە سەرپەرشتی گرووپی کۆشان لە کتێبخانەی گشتی شارۆچکەکە، دیدارێک بۆ کامەران مەنتک و حاکم شێخ لەتیف بەڕێوەچوو. تێیدا کامەران مەنتک بابەتێکی پێشکەشکرد بەناونیشانی "خوێندنەوەیەکی تر بۆ پەیماننامەی لۆزان"، هەروەها حاکم شێخ لەتیف بابەتێکی خستەڕوو بەناونیشانی " ڕەهەندی یاسایی و نێودەوڵەتی لۆزان لەسەر دۆزی کورد".

لە دیدارەکەدا باس لەوە کرا، لە سەردەمی پەیماننامەی لۆزانیشدا کوردەکان نەیانتوانیوە لە هاوکێشەکان تێبگەن و گوتاری هاوبەشیان هەبێت بۆیە داگیرکەر سودی لەم پەرتەوازییەوە وەرگرت. بۆیە هەردەم دابەشبوون بەسەر هێزەکاندا. بە قسەی کامەران مەنتک، ئەوکاتەش کەمالییەکان توانیان بەشێک لەم هێزانە بەلای خۆیاندا ڕابکێشن.

هەروەها جەخت لەوە کرایەوە، گەلی کورد پێویستە ئیرادەی هەبێت. دەبێت لەم مێژووە تێبگات تا بتوانێت لەم دۆخەی تێی کەوتووە دەربازبێت، بەڵام هێشتا بەپێی پێویست نەیانتوانیوە درکی ئەم پەیماننامەیە و لێکەوتەکانی بکەن. ئەگەر وەها نەبێت، دۆخی ئێستامان لە پێشتوو باشتر نابێت.

هەروەها حاکم شێخ لەتیف دووپاتی کردەوە، دوژمن سەدان ساڵە کار لەسەر پەرتەوازەکردنمان و دوورخستنەوەمان لە سیمبولە یەکگرتووەکانمان دەدات، پێویستە خاوەندارێتی لە سیمبولە هاوبەشەکانمان بکەین. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، ئەردۆگان بە کەڵک وەرگرتن لەو تورکیایەی کەمال ئەتاتورک دایمەزراند ئێستە خاوەنی هەژموونێکی گەورەیە بەسەر ناوچەکەدا، نیازی ئەوەی هەیە درووشم و سنوورەکانی سەردەمی عوسمانی زیندوو بکاتەوە و بگەڕێتەوە پێش پەیماننامەی لۆزان.