کوژران و برینداربوونی ٤ کاسبکار و کۆڵبەر لە بانە

بەهۆی تەقەی چەکدارەکانی رژێمی ئێران لە بنکەى بلەکێ لە سنووری بانە، کاسبکارێک کوژرا و ٣ کاسبکاری تر بریندار بوون.

سەرچاوە خۆجێیەکان بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)یان راگەیاند، چەکدارەکانی بنکەى بلەکێ لە سنووری بانە لە کاتژمێر ٠٨:٣٠ لە رۆژی ٢ی حوزەران / ١٢ی جۆزەردان تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی کاسبکاران کردووە و ٣ کاسبکاری ناو ئۆتۆمبێلەکەیان بریندار کردووە.

تەقەکان بە فەرمانی کەسێک بە ناوی "راستگۆ" ئەنجامدراوە، کە بۆ خۆی سەرپەرشتیی کڕێن و فرۆشتن و گواستنەوەی کاڵای قاچاخ لە بانە دەکات.

لەو تەقەکردنەدا هاووڵاتییەکی مەدەنی بە ناوی حسێن فەرەجی ناسراو بە حسێن بێخەو تەمەن ٥٠ ساڵ و باوکی ٣ منداڵ هەر لە جێدا کوژراوە.

کوشتاری کۆڵبەران و کاسبکاران لەلایەن چەکدارەکانی رژێمی داگیرکەری ئێران لە کاتێکدا درێژەى هەیە، کە رێکخراوەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ کوشتنی کۆڵبەران و کاسبکارانیان بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناساندووە و داوای کۆتایهێنان بە سیاسەتی ئاپارتایدی حکومەتی ئێران بەرامبەر بە کوردان دەکەن.

ژ.ت