کوژران و برینداربوونی ٧ کۆڵبەر لە نەوسود

لە ئەنجامی دەسترێژی گولــلەی هێزەکانی ئێران لە سنووری نوچەی نەوسودی کرماشان، کۆڵبەرێک کوژرا و شەش کۆڵبەری دیکە برینداربوون.

بەگوێرەی زانیارییەکان بەرەبەیای ئەمڕۆ هێزەکانی دەوڵەتی ئێران لە سنووری نەوسود تەقەیان لە پۆلێک کۆڵبەر کردووە و بەهۆیەوە کۆڵبەرێکی خيڵکی سەلاسی باوەجانی بە ناوی ئەیوب محەمەدی کوژراوە.

ئاماژە بەوەش کراوە کە لە و تەقەکردنەدا شەش کۆڵبەری دیکە برینداربوون، کە سەرجەمیان خەڵکی گوندی زیرانی سەر بە جوانرۆن.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆڵبەر نیوز لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٣٤ کۆڵبەر کوژراون و ٢٣٦ کۆڵبەریس برینداربوون.

لە کۆی ئەو ٢٧٠ کۆڵبەرەی کوژراون و برینداربوون، ٢٠ کەسیان تەمەنیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بووە.

ئاماری کوژران و برینداربوون کۆڵبەران لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ بەراورد لەگەڵ ئاماری ماوەی هاوشێوەی ساڵی رابردوو بە رێژەی لەسەدا ٢١٨ زیادی کردووە.

هـ. ب