کەژەکە یادی لەیلا قاسم و شیرین عەلەمهولی کردەوە
کۆردیناسیۆنی کەژەکە یادی لەیلا قاسم کە لە ١٣ی ئایاری ١٩٧٤ لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە سێدارەدرا و شیرین عەلەمهولی کە ٨ی ئایاری ٢٠١٠ لەلایەن ئێرانەوە لەسێدارەدرا، کردەوە.
کۆردیناسیۆنی کەژەکە یادی لەیلا قاسم کە لە ١٣ی ئایاری ١٩٧٤ لەلایەن رژێمی بەعسەوە لە سێدارەدرا و شیرین عەلەمهولی کە ٨ی ئایاری ٢٠١٠ لەلایەن ئێرانەوە لەسێدارەدرا، کردەوە.
کۆردیناسیۆنی کەژەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و یادی شەهیدانی مانگی ئایاری کردوە. راگەیەندراوی کەژەکە بەم شێوەیەیە:
" مانگی ئایار مانگێکە کە بە دەیان هەڤاڵی قاڕەمانمان لە هەموو رۆژێکیدا بەرخۆدان و تێکۆشانیان بەڕێوەبەردووە و شەهید بوون. لەبەرئەوەش مانگی ئایار مانگێکی وەهایە کە بەها کۆمەڵایەتیەکانمان لە کەسایەتی ئەو هەڤاڵانەدا هەموو کاتێک تێیدا بەهیز و زیندوو بووە و هۆکاری تێکۆشانمان هەموو کاتێک لەم مانگەدا نوێ دەبێتەوە. هێزی تێکۆشانمان کە لە هەموو کوردستان، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بڵاوبووەتەوە، بەرهەمی ئەو شەهیدانەیە و لەو شەهیدانە وەرمان گرتووە و گەیاندوومانە ئەم سەردەمە و ئاییندەمان بە فراوانکردنی میراسی ئەو هاوڕێیانە مسۆگەر دەکەین. لەیلا قاسم و شیرین عەلەمهولی بە ژیان و بەرخۆدانی بێوێنەی خۆیان بوونە هاوڕێی بێوێنەی ژنان کە مانگی ئایاریان کردە مانگی بەهاکانمان.
لەیلا قاسم لەدژی دیکتاتۆری هاواری بەرخۆدانی کوردە
لەیلا قاسم کاتێک لە بەغدا دەستگیرکرا خوێندکار بوو، رژێمی بەعسی عێراق لە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤دا قەڵادزێی بۆردومان کرد و هاوڵاتیانی کوردی شەهید کرد. لەیلا قاسم لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی، ئامادەکاری دەکرد کە وڵامی کۆمەڵکوژیەکە بدەنەوە. هەستی وڵاتپارێزی لەیلا قاسم وایکرد کە لە بەرامبەر کۆمەڵکوژیەکە بێدەنگ نەمێنێت. بەڵام لە ئامادەکاریدا دەستگیرکران و لەگەڵ ئەوەی ئەشکەنجەیەکی زۆری بینی، بەڵام هەنگاوێکی لە تێکۆشانی ژنانی کورد بەرەو دواوە نەنا و وەک ژنێکی کورد ناوی خۆی نەخشاند و دواتر لە ١٣ی ئایاری ١٩٧٤ لەگەڵ ٤ هاوڕێیدا لەسێدارەدران. لەیلا قاسم لەدژی رژێمی سەدامی دیکتاتۆر، بووە هاواری بەرخۆدانی کوردی ئازاد. وەک ژنێک تێگەیشت کە وڵاتی ئازاد، لە خوێندنگا و ژیانی تاکەکەسی گەورەترە. دوژمن پێی وت کە ئەگەر پەشیمانی دەرببڕێت، رزگاری دەبێت، بەڵام بە بەرخۆدان وڵامی دوژمنی دایەوە.
لەم خاکە، میلیتانێکی ژنی وەک لەیلا قاسم هەبوو. ژنانی باشوری کوردستان هەمووان پێویستە ئەم بەرخۆدانە وەک میراس وەربگرن و هەروەک چۆن لەیلا قاسم لەدژی سەدامی داگیرکەر، لە بەرامبەر کۆمەڵکوژییەکانی کوردستان بیدەنگ نەبوو، بەرخۆدانی کرد، ئەمڕۆش هەمان ئەرکی وڵاتپارێزی لەسەر شانی ژنانی باشوری کوردستانە. ژنانی باشوری کوردستان پێویستە سەرەتا بۆ مافی خۆیان کە رەتدەکرێنەوە، بۆ ئازادی و یەکێتی نەتەوەیی کار بکەن، لەدژی خیانەت کە پشتگیری لە هێرشی داگیرکەری سەر کوردستان و بە تایبەتی لەسەر باشوری کوردستان هەیە، تێکۆشان گەورە بکەن. لەیلا قاسم بە تێکۆشانی گەورەی خۆی لە باشور تاوەکو باکور، لە رۆژئاوا و تاوەکو رۆژهەڵات، لە چوار پارچەی کوردستان بووە ناوی منداڵە کچەکان، بوو ناوی نەریتی وڵاتپارێزی و بەرخۆدان. سەرەتا ژنان لە باشوری کوردستان، هەموو ژنان پێویستە خاوەنداری لە میراسی لەیلا قاسم بکەن، گەورەی بکەن و ئاییندەیان گەش بکەن.
شیرین عەلەمهولی یەکەم قاڕەمانی تەڤگەری ئازادی ژن بوو کە لەسێدارەدرا
هەڤاڵ شیرین عەلەمهولی لە ئێران کە هەناسەیان بۆ ژن نەهێشتووە، لەدژی کورد، سیاسەتی رەتکردنەوە و لەناوبردن بەڕێوە دەبات، ئاگری ئازادی گەل و ژنی گەش کرد و بۆیەش دەستگیرکرا. ئەویش وەک لەیلا قاسم بووە خاوەندی میراسێکی بەهیزی نەریتی بەرخۆدانی ژنانی کورد ، لە بەرامبەر ئەشکەنجەی قورس بەرخۆدانی کرد، لە ٩ی ئایاری ٢٠١٠ بە بیانوی ئەندامێتی پەژاک لەگەڵ فەرزاد کەمانگەر، عەلی حەیدەریان و فەرهاد وەکیلی لەسێدارەدرا. هەڤاڵ شیرین عەلەمهولی لە مێژووی ئازادیماندا کە لەگەڵ رێبەر ئاپۆ دەستی پێکرد، یەکەم ژن بوو کە لەسێدارەدرا.
راپەرینی ژن، ژیان، ئازادی
وەک بزوتنەوەی ژنان، ئێمە لە مێژووی تێکۆشانمانەوە دەزانین، هیچ پێشکەوتن و بەرخۆدانێک لەخۆیەوە نابێت. بۆیەش هەربەرخۆدانێک پشت بە نەریتێک و مێژوویەک دەبەستێت و دەیکاتە میراسێک. ئەم راپەرینەی کە ئەمڕۆ بۆ ژینا ئەمینی بەڕێوە دەبرێت کە لەبەرئەوەی قژی بەدەرەوە بوو، لەلایەن پۆلیسی ئەخلاقی ئێرانەوە شەهیدکرا، بێگۆمان نەریتی بەرخۆدانی ئەو رووبارەی کردووەتە میراسی خۆی کە لە عەشقی ئازادی هەڤاڵ شیرینەوە هەڵدەقوڵێت. دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی' کە هەڤاڵ شیرین لە دیوارەکانی زیندان نووسی، لەم سەرهەڵدانەدا وەک هەرەسی بەفر گەورە بوو و بە شێوەیەکی ئەفسوناوی لە جیهاندا بڵاوبووەوە.
ئێران کە لەم هێزە ئەفسوناوییە دەترسێت، لە بەرامبەر بەرخۆدانی بێوێنەدا، سزای سێدارەدانی زیاتر کرد، لە ناوخۆدا بە هەزاران هونەرمەند، رۆژنامەنووس، چالاکوان، ژنە خوێندکار، بە دەیان هەزار کەسی دەستگیر کرد. هەروەها بە هەزاران خوێندکاری بە تایبەتی خوێندکاری کچی لە قۆتابخانەکان ژەهراوی کرد. بەم شێوەیە هەوڵ دەدات بەرخۆدان و ئیرادەیان بشکێنێت، لەدژی کچان یاسای دواکەوتوو جێبەجێ دەکات. بریار دەدات کە لەبری دەوریەی ئیرشاد، ژنان ٢٤ کاتژمێر بە کامێرا چاودێری بکات، ئەوانەی ئەم یاسایە جێبەجێ ناکەن، لەم رێگەیەوە دیاریان دەکەن و سزایان دەدەن. هەر کامێرایەک لەوانە، هیچ جیاوازیەکی لەگەڵ مێشکی سەروەری پیاو و پۆلیسێک بە هەمان مێشکەوە نییە. ئەمە عەقڵیەتی دەوڵەتە کە دەیەوێت لەنێو هەموو بەشەکانی کۆمەڵگادا بڵاوی بکاتەوە. راپەرین و ئەم شەڕە بۆ قەیرانێک گۆڕاوە کە کاریگەری لەسەر هەموو ژنان، گەنجان و گەلاندا داناوە. لە ٧ تاوەکو ٧٠ ساڵ بووەتە بارێک لەسەر شانی هەموو کۆمەڵگا، دەوڵەتی ئێران هەموو کێشەکان بە سێدارە، زیندان، کوشتن، چەوساندنەوە و چەند شێوەی بچووک چارەسەر دەکات. لە ناوخۆ و دەرەوەدا هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکات، لەسەر بناغەی دژایەتیکردنی شۆڕش هاوپەیمانی دەبەستێت. لەدژی ژن و گەنجان کە بە دروشمی 'ژن ژیان ئازادی' بۆ ئازادی هاوار دەکەن و لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە، پێداگیری لەسەر سیاسەتی رابردوو دەکات.
پێویستی بە سیستمێکی کۆنفیدڕال هەیە
هاوشێوەی ساڵی ١٩٧٨ هەموو گەلانی ئێران و گەلی کورد لەدژی سیستمی شا راپەڕین، بەڵام رژێمی مەلا دەستی بەسەر شۆڕشی گەلدا گرت و لەدژی هێزە شۆڕشگێرەکان تەسلیمیەت سەپێنرا، پێویستە ئەمڕۆش لە بەرامبەر ئەو رژێمەی کە هەوڵ دەدات شۆڕشی رۆژهەڵات و ئێران پێچەوانە بکاتەوە و تینویەتی ژنان و گەنجان بۆ ئازادی وەک پرسی حیجاب پیشان بدات، هوشیار بن. بۆ ئەوەی شۆڕش لە نێو هەموو بەشەکانی کۆمەڵگادا بڵاوبێتەوە، پێویستە هەموو ژنانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کار بکەن. بۆ ئەمەش پێویستی بە سیستمی کۆنفیدڕالی دیموکراتی هەیە کە هەموو گەلانی ئێران و رۆژهەڵات لەنێویدا بن کە ژنان بە رەنگی خۆیان بەشداری لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵایەتیدا بکەن. پێویستە ئەم شۆڕشە کە لە مێشکی ژناندا دەستی پێکردووە، رێکبخرێت، کۆمین و ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری لەسەر بناغەی هێزی خۆسەری ژنان و هەموو گەلانی ئێران بەرەوە پێشەوە ببرێت و پێویستە ژنانی ئێران، گەل و باوەڕیەکان پێشەنگایەتی تێکۆشانی ئازادی و دیموکراسی بکەن.
ئێمە لە کەسایەتی لەیلا قاسم کە لەلایەن بەعسی عێراقەوە لەسێدارەدرا و شیرین عەلەمهولی کە لەلایەن رژێمی ئیرانەوە لەسێدارەدرا، یادی هەموو ئەو هاوڕێیانە دەکەینەوە کە بۆ بنیاتنانی سیستمی دیموکرات، دادمەند و یەکسان گیانیان خۆیان بەخت کردووە و شەهید بوون و بەڵێنی گەورەکردنی تێکۆشانی نوی دەدەین. بە راستی تێکۆشانی ئەمڕۆمان کە لەو هەڤاڵە قاڕەمانانەمان وەک میراس بۆ ئێمە ماوەتەوە، بانگەوازی لە ژنان دەکەین کە بە دروشمی ' ژن ژیان ئازادی' بەرەو شۆڕشی ژنان و بە شێوەیەکی بەهێزتر بەرەو ئاییندە هەنگاو بنێن."
ف.ق