لە ٩یەمین ساڵڕۆژیدا هێرشی داعش بۆسەر کەمپی مەخمور شەرمەزار کرا

دانیشتوانی کەمپی پەنابەرانی مەخمور، لە ٩یەمین ساڵڕۆژی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر کەمپەکە وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکان، ڕایانگەیاند، ئەمڕۆش بە هەمان ئەقڵییەتی داعش هێرشەکان لەسەر ئێمە بەردەوامە.

ڕۆژی ٦ی ئابی ٢٠١٤، چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخمور). دوای دوو ڕۆژ، لە ٨ی ئاب، هێزەکانی پاراستنی جەوهەری مەخمور (هەپەجە – مەخمور) بە هاوبەشی لەگەڵ گەریلاکانی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) و یەکینەکانی یەژاستار، مەخموریان لە دەستی چەتەکان ڕزگار کرد.

دانیشتوانی کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی، بە بۆنەی ٩یەمین ساڵڕۆژی هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر کەمپەکە، لە ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدان کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیان ئەنجامدرا و تێیدا لەگەڵ ڕێزگرتن لە گیانی شەهیدان، ڕاگەیەندراوێک خوێندرایەوە.

ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن لەیلا ئارزو ئیلهان، ئەندامی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی عەشتار خوێندرایەوە. ئیلهان لە کەسایەتی ڕۆژنامەنووس دەنیز فورات یادی شەهید سیامەند، شەهید ئاڤێستا و سەرجەم شەهیدانی مانگی ئابی کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "٩ ساڵ تێدەپەڕێت، بەسەر گەمەی هێزە داگیرکەرەکان، کە لەسەر دەستی چەتەکانی داعش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر گەلی کورد، بەتایبەتی بەرامبەر هێڵی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامیان دا. چونکە دەزانین چەتەکانی داعش دەرئەنجامی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن، کە لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە ئامادەکرابوو، بۆ ئەوەی بە هاوکاری هێزە خۆجێیەکان جارێکی دیکە خەڵکی ناوچەکە کۆمەڵکوژ بکەن".

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکە دا هاتووە، "هێڵی ڕێبەر ئاپۆ کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان گەشە دەکات، ئەو گەمەیەی هێزە داگیرکەرەکانی پووچەڵ کردەوە. هێزە هەژموونخوازەکانی جیهان چیتر ناتوانن بە گەمە چەپەڵەکانیان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بخەنە ژێر کاریگەری خۆیانەوە. جیا لەوەش وەک گروپێکی چەپەڵ کە لە هەموو لایەکی جیهانەوە کۆکرابوونەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لە کوردستان ناوی داعشیان لێنرابوو، هێرشیان کردە سەر گەلی کورد، ئایینەکانی کوردستان و هەروەها پەلاماری ئەو هێڵە کۆمەڵایەتییەیاندا کە لە دژی سیستمی باڵادەست پەرەی سەندبوو".

ئیلهان هەروەها سەرنجی بۆ گۆشەگیریی سەر ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان ڕاکێشا و وتی: ٢٥ ساڵە ڕێبەر ئاپۆ لەژێر گۆشەگیرییەکی تونددایە. زیاتر لە دوو ساڵە هیچ زانیارییەک لەبارەیەوە وەرنەگیراوە. ٩ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر هێرشی دڕندانەی داعش بۆ سەر کەمپی شەهید ڕوستەم جودی. داعش دەیویست لە ڕێگەی دەستبەسەرداگرتنی کەمپەکە، حوکمرانی هەموو ناوچەکە بکات. هەڕوەها ویستی به ئەقڵییەتی چەپەڵ و ترسەنۆکی، چۆک بە هەموو کۆمەڵگا دابدات. بەڵام بینیمان خەڵکی کەمپی مەخمور بەو هێزەی لە ڕێبەر ئاپۆ و گەریلاکانی ئازادی وەریان گرتووە، بۆ یەکەمجار داعشیان لە مەخمور شکست دا و ئەوەش بوو بە سەرەتای تێکشکاندنی داعش. ئەگەر ئەمڕۆش هێرش بۆ سەر ئێمە بەردەوامە، بەو ئەقڵییەتی داعشە. بۆیە داوا لە هەموو گەلی کورد و مرۆڤایەتی پێشکەوتنخواز دەکەین، ڕێگە نەدەن سیستمی دەسەڵاتدار بە گەمە چەپەلەکانی پلان لە دژی ئێمە بگێڕێت".

کۆنفڕانسی ڕۆژنامەوانیەکە بە دروشمی "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بژی بەرخۆدانی مەخمور" کۆتایی هات.

ژ.ن