لە باشوری کوردستان کارمەندانی پەروەردە و تەندروستی بایکۆتیان ڕاگەیاند

لە زۆربەی شارەکانی باشوری کوردستان، مامۆستا و کارمەندانی تەندروستی بەهۆی وەرنەگرتنی موچەوە بایکۆتیان ڕاگەیاند.

فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان زیاتر لە ٢ مانگە موچەیان وەرنەگرتووە. حکومەت هێشتا کاتی پێدانی موچەی ئاشکرا نەکردووە. کارمەندانی پەروەردە و تەندروستی و شارەوانی بۆ موچەکانیان بایکۆتیان ڕاگەیاند، دووپاتیان کردەوە، تا موچەکانیان وەرنەگرن ناچنەوە سەر دەوام.

لە باشوری کوردستان، ساڵی نوێی خوێندن لە ١٣ ی ئەیلول دەستی پێ کرد. بەڵام مامۆستا و کارمەندانی پەروەردە بەهۆی نەدانی موچەوە، بڕیاری بایکۆتیان داوە.

کۆیە

لە قەزای کۆیە سەر بە هەولێر دەرگای قوتابخانەکان نەکراونەتەوە. مامۆستایان داوا دەکەن مووچەی دوو مانگی ڕابردوویان پێ بدرێت. لە سنووری ناوچەی کۆیە ٢١٠ قوتابخانە هەیە و ٣٥ هەزار خوێندکار لەو قوتابخانانە دەخوێنن. زیاتر لە ٤ هەزار مامۆستا و کارمەند لەو دامەزراوە پەروەردەییانە کاردەکەن.

ڕاپەڕین

مامۆستایان لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕاپەڕین گردبوونەوە و داوای مووچەکانیان کرد. مامۆستایان ڕایانگەیاند، تا مووچەکانیان نەدرێت دەوام ناکەن.

کەلار

لە قەزای کەلاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان پێشتر کارمەندی شارەوانی و دادگا و تەندروستی لەبەر نەدانی موچە بایکۆتیان ڕاگەیاند. بایکۆتەکەیان بەردەوامە. ئەمڕۆ بەشێک لە مامۆستایان بە هەمان ئامانج بایکۆتیان ڕاگەیاند. مامۆستایانی کەلار ئاشکرایان کرد، تا مافەکانیان دەستەبەر نەکرێت، دوام ناکەن.

هەڵەبجە

بەهەمان ئامانج مامۆستایانی پارێزگای هەڵەبجە گردبوونەوە و لە بەردەم بینای بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی هەڵەبجە بایکۆتیان ڕاگەیاند.

لەو بۆنەیەدا، بەناوی مامۆستایانەوە، مامۆستا سەڵاحەدین زەڵمی گوتی: "پاڵپشتی هەموو دەنگە ناڕازیەکان دەکەین بۆ ڕێزگرتن لە کەرامەتی هەموو مامۆستایان. داوا لە هەموو دەنگە ناڕازییەکان دەکەین هاوکاریمان بکەن بۆ ئەوەی بگەینە ئامانج و خواستەکانمان".

کۆمیتەی تەندروستی بایکۆتی گشتی ڕاگەیاند

بەهۆی پێنەدانی موچەوە، سەندیکای تەندروستی سلێمانی بایکۆتی گشتیی لە سەرجەم بنکە تەندروستییەکانی پارێزگای سلێمانی ڕاگەیاند.

هاوژین عوسمان سەرۆکی سەندیکای تەندروستی لە بەردەم نەخۆشخانەی ھیوا لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی دا. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، جگە لە بەشی فریاکەوتن و ناوەندەکانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شار، نەخۆشخانەی منداڵان و بەشی چاودێریی چڕ، سەرجەم بنکە تەندروستییەکانی دیکە بایکۆتی گشتی ڕادەگەیەنن.

لە درێژەی قسەکانیدا، هاوژین عوسمان دەڵێت: "سێ ڕۆژمان مۆڵەتمان دا بە حکومەت، بەهۆی کەمتەرخەمی و پشتگوێخستنی داواکارییەکانمان، گەیشتوینەتە ئەم بڕیارە. بەم شێوەیە مافە ڕەواکانمان بەدەست دەهێنین".