لە بەسنی بە فەرمانی قائیمقامیەت کارەکانی گەڕان و رزگار کردن راگیران

لە ناوچەی بەسنی سەمسور تیمە فریاگوزارییەکان بوونی مرۆڤێکی زیندوویان لە ژێر داروپەردووی خانوویەک دەستنیشان کرد بەڵام بە فەرمانی قائیمقامیەت کارەکانی گەران و بەهاناوەچوون راگیران.

کاریگەری بومەلەرزە لە مەرەش بەردەوامە، ئاشکرابوو کە کارەکانی گەڕان و رزگارکردن لەلایەن دەوڵەتەوە رێگرییان لێدەکرێت.

لەناوچەی بەسنی سەمسور، کەسێک کە بە خۆبەخشی بەشداری لە کارەکانی گەڕان و رزگارکردن کردووە، باسی لەوەکرد لە کەرتی ١٥ی تەموو شەهیتلەری بەسنیە تیمەکانی گەڕان و رزگارکردنی پۆڵندی لە ماڵێکدا بوونی کەسێکی زیندوویان دەستنیشان کرد، بەڵام کارەکانی گەڕانی شەوانە کتوپڕ بە فەرمانی قائیمقامیەت راگیران.

ئەو خۆبەخشە باسی لەوەشکرد کە لە سەرلەبەیانیدا جارێکیتر چوونە شوێنەکە بەڵام ئەو کەسە گیانی لەدەستداوە و دواتر تەرمەکەی لە ژێر داروپەردووی ماڵەکەدا دەرهێنراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد کە لەبارەی دۆخەکەوە پرسیاری لە کاربەدەستان کردووە ئەوانیش وتوویانە کە قائیمقامیەت بڕیاری کۆکردنەوەی بەهاناوەچوونەکەی داوە.

راگەیەندرا کە دوای ئەو بڕیارە هەندێک لە شۆفێری ئامێرەکان کە بەشدارییان لە رزگارکردندا کردبوو ناڕەزایەتییان بەرامبەر بەو بڕیارە دەربڕی و لە بەسنی رۆیشتوون.

هـ . ب