لە چیا ساڵیادی ھەڵمەتی ١٥ی ئاب بەرزڕاگیرا

گیانبازانی ئاپۆیی لە مەراسیمێکدا، ٣٩ەمین ساڵیادی ھەڵمەتی ١٥ی ئابیان پیرۆز کرد. لە مەراسیمەکەدا ڕاگەیەندرا، "تێچووەکەی ھەر شتێک بێت، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین".

ئەو گیانبازانی ئاپۆیی، کە خولی پەروەردەیان لە ١٥ی ئاب تەواو کرد، ئاھەنگی دەرچوونیان گێڕا و بە مەراسیمێک ساڵیادی هەڵمەتی ١٥ی ئابیان بەرز ڕاگرت.

لەو وتانەی لە مەراسیمەکەدا پێشکەشکران، ئاماژە بەوەکرا، "بەناوی ھەموو گیانبازانی ڕێبەر ئاپۆ، پیرۆزبایی ٣٩یەمین ساڵیادی جەژنی ژیانەوەی ١٥ی ئاب، بەتایبەتی لە ئافرێنەری ئەو ڕۆژە، ڕێبەر ئاپۆ، هەموو گەلی کوردستان، گەلانی ئازادیخواز و چەوساوە دەکەین. جەژنی ژیانەوەی ١٥ی ئاب، لە گەریلاکانی ئازادیی پیرۆز دەکەین، کە لە چیاکانی کوردستان لە دژی هێرشە فاشیزمەکانی داگیرکەر شەڕی مان و نەمان دەکەن. ئێمە بە ئاسانی بەم ئاستە نەگەیشتووین. بزووتنەوەکەمان قوربانی و تێچوویەکی قورسی داوە. بەو بۆنەیەوە بەڕێزەوە یادی سەجەم شەھیدانمان کە بە خوێنی خۆیان تێکۆشانی ئازادیان پاراو کردووە، لە کەسایەتی فەرماندەی گەورەمان ھاوڕێ عەگید، فەرماندەکانی سەردەم فازیل بۆتان، لەیلا سورخوێن، نۆرشین عەفرین و دەلیل زاگرۆس دەکەینەوە، جارێکی دیکە ئەو بەڵێنە دووپاتدەکەینەوە کە پێمان دابوون."

"تێچووەکەی ھەر شتێک بێت ئێمە، ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین"

ڕاشگەیەندرا، لە مێژووی پەکەکەدا هەمیشە بازنەی ژیانی شکۆمەندانە و بەرخۆدان لەڕێگەی ھیواوە بونیادنراوە. دوژمنی فاشیست و داگیرکەر ماوەی ٨ ساڵە بە پشتبەستن بە تەکنیکەکانی شەڕی ناتۆ، هێرش بۆسەر گۆڕەپانەکانی گەریلا ئەنجام دەدات. دەیەوێت لە بۆتانەوە تا سەحەد، لە خواکورکەوە تا زاپ داگیر بکات و پڕۆسەی لەناوبردن تەواو بکات، کە بە لۆزان لە دژی کورد دەستی پێکردبوو. لەدژی هەموو ئەو هێرشانە، وەک گەریلای پسپۆڕی ڕێبەر ئاپۆ، بە شێواز و تاکتیکی سەردەم، بە شەڕی تیم و تونێلەکان، هێرش و تاکتیکی دوژمنمان تێکشکاند. نموونەی بەجەستەی ئەم شەڕە لە بەرخۆدانەکانی تونێلەکانی شەڕی شەهید دۆغان و شەهید مونزورە. هەروەها لە شاخی جودی، بە شێواز و تاکتیکی سەردەم، ڕۆژانە چالاکی سەرکەوتووانە لە دژی دوژمن ئەنجام دەدرێن، ئەوەش نیشانەی شکستی دوژمنە. ڕێبەر ئاپۆ ٢٥ ساڵە لە دژی ئەشکەنجە، دابڕاندن و گۆشەگیریی توند لە ئیمراڵی و دژی پیلانگێڕەکان تێکۆشانێکی بێھاوتا ئەنجام دەدات. ئەو تێکۆشانە بووە سەرچاوەی ھێز بۆ گەریلا، لە چیای باگۆک لە کەسایەتی شەهید زانا و شەهید خەبات بوو دەرد و ئازار بۆ دوژمن. با حکومەتی فاشیستی ئەردۆغان و باخچەلی باش بزانن؛ وەک گەریلای گیانبازی ڕێبەر ئاپۆ، تێچووەکەی ھەر شتێک بێت، ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر دەکەین. ژیان بە بێ ڕێبەر ئاپۆ لەخۆمان حەرام دەکەین. بە ڕۆحی شەهید سارا و شەهید ڕوکن بە دڵنیاییەوە سەردەکەوین. بەو بۆنەیەوە جارێکی دیکە دەڵێین؛ بژی ١٥ی ئاب، بژی ڕێبەر ئاپۆ!"

ئەو گەریلایانەی لە مەراسیمی بەرزڕاگرتنی ساڵیادی جەژنی ژیانەوە بەشدار بوون، دواتر بەرەو ئەو شوێنانەی تێیدا ئەرکدار کراون بەڕێکەوتن.

ژ.ن