بە دیمەن

لە گردبوونەوەی ئازادییدا داوای ئازادی ڕێبەر ئاپۆ کرا

گردبوونەوەی 'بۆ ئاشتی ئازادی' کە پێشەنگایەتی دەبەپە و دەم پارتی پێکهێنراوە، بە جۆشێکی مەزنەوە ئەنجامدرا.

گردبوونەوەی ئازادی

بە پێشەنگایەتی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (بەدەپە) و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە تەنیشت یاریگای تەڤفیک سڕی گوری ناوچەی ئاکدەنیزی مێرسین گردبوونەوەی 'بۆ ئاشتی ئازادی' ئەنجامدرا. لە گردبوونەوەکەدا بە هەزاران کەس لە شارەکانی دیکەی باکووری کوردستانەوە بەشداربوون، هەر لە گردبوونەکەدا نوێنەرانی پارت و ڕێکخراوەکە مەدەنییەکان بەشداربوون.

لە گردبوونەوەکەدا بە بەردەوامی درووشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بێ سەرۆک ژیان نابێ" و "ژن ژیان ئازادی" بە جۆشێکی گەرمەوە وترانەوە.

لە گردبوونەوەکەدا داوای ئازادی ڕێبەر ئاپۆ کرا، هەروەها ژنان بە جلوبەرگی ڕازاوەی کوردییەوە بەشدارییەکی کارایان هەبوو. لە گردبوونەوەکەدا پانکارتی "بۆ ئاشتی و ئازادی کۆبوونەوەتەوە" و "بژی بەرخۆدانی زیندانیان" بەرزکرانەوە. بۆ ڕێگریکردن لە دایکانی ئاشتی کە بە لەچکی سپیانەوە بەشداربن، پۆلیسی دەوڵەتی تورک ڕێگری و ئاستەنگی درووستکرد، بەڵام بە ئیرادەی گەلی گردبوونەوەکە ئاستەنگییەکانی پۆلیس تێکشکێندران و دایکان بەشداری گردبوونەوەکە بوون و پێشوازی گەرمییان لێکرا.

گردبوونەوەکە بە خولەکێک ڕێزلێنان دەستی پێکرد و دواتر هونەرمەند قادر چات بە پێشکەشکردنی هونەرەکەی جۆشی دا بە گردبووەنەی گەل. داواتر لەسەرناوی کۆمیتەی ئامادەکاری گردبوونەوەکە، ئەموروڵا شام قسەیکرد و دوای خێرهاتنی جەماوەر گوتی: "با هیچ کەسێک نەمرێت، خواست و ئامانجی ئێمە ئاشتی و ئازادییە."

دواتر هاوسەرۆکی مێرسینی دەم پارتی بەدرییە کوش مافی قسەکردنی وەرگرت و وێڕای سڵاو کردن لە ئامادەبووانی گردبوونەوەکە وتی: "دەبێت ئەنقەرە ناچارکەین دەنگ و خواستی ئاشتیمان ببیستێت."

لە بەردەوامی پێشکەشکردنی پەیامەکەندا وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی دەبەپە، بێریڤان باخچەچی لەسەرناوی تەژەئا قسەیکرد و ئاماژەی بە گرنگی ئەو پرۆسەیە کرد کە ڕێبەر ئاپۆ دەستی پێکردووە و جەختی کردەوە لەوەی وەک ژنان کە لە هەمووان زیاتر قوربانییان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی کۆمەڵایەتی داوە، لەگەڵ نەخشە ڕێگە چارەسەرییەکەی ڕێبەر ئاپۆدان.

دواتر هاوسەرۆکی گشتی دەبەپە، کەسکین بایندەر قسەیکرد و لە قسەکانییدا سڵاوی لە گردبوونەوەکە کرد و جەختی لەوەکردەوە هەمووان بۆ هێنانەئارای ئاشتی لێرەن، کەسکین لە بەردەوامییدا دەستنیشانیکرد قۆناغەکە بۆ گەلی کورد زۆر گرنگە، لەئێستادا گەلی کورد لە هەمووکاتێک زیاتر نزیکترە لە گەیشتن بە ئامانجی ئازادی خۆی.

لە بەردەوامیدا کەسکین بایندر وتی: "بەڕێز ئۆجالان ئامادەکاری بۆ چارەسەری دەکات، کەچی دەسەڵاتداری لە ئامادەکاری ئۆپەراسیۆنی قڕکاریی سیاسییدایە. گەلی کورد و دۆستانی ڕێگە نادەنە ئۆپەراسیۆنە شەڕخوازییەکانی دەسەڵاتداری. لە هەموو کات و جێگەیەک ئاشتی و ئیرادەی ئازادی بە ڕێکخستن دەکەین. ڕۆژ ڕۆژی ئازادییە. کاتی ئەوەیە ڕاپەڕین و تا مسۆگەرکردنی ئازادی جەستەی بەڕیز ئۆجالان لە تێکۆشاندابین. سەرکەوتن لە دەستماندایە. سەرکەوتن سەرکەوتن سەرکەوتن."

تولای حاتەم ئۆغۆللاری: خواستمان وڵاتێکی ئازاد، دیموکراتیک و ئاشتیخوازە

لە کۆتایی پێشکەشکردنی پەیامی گردبوونەوکەدا، هاوسەرۆکی گشتی دەم پارتی تولای حاتەم ئۆغۆللاری مافی قسەکردنی وەرگرت، تولای سەرەتا سڵاوی لە بەشداربوونی گردبوونەوەکە بە گشتی و ئامادەبوونی دایکانی ئاشتی کرد.

لە بەردەومییدا تولای یادی ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاندنی ئازاد، عەزیز کۆیلوئۆغلو، جیهان بیلگین و نازم داشتانی کردەوە، کە هەموویان لە هێرشی ئاسمانی دەوڵەتی تورکی داگیرکەردا شەهید بوون.

هەر لە پەیامەکەیدا تولای باسی لەوەکرد، بە هیوای ئەوەن لە دوای پەیامی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی پێشکەوتن بێتە ئاراوە و بەم شێوەیە بەردەوام بوو: "بەردەوام دەبین لە پشتگیریدان بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە، لە ٤٢ ناوەندا لەگەڵ گەلدا کۆبووینەتەوە. لەم پرۆسەیەدا باوەڕی تەواومان بە خۆمان و بەڕێز ئۆجالانە."

تولای ئاوا کۆتایی بە قسەکانی هێنا: "بە ناوی ئاشتی، ئازادی، یەکسانی و دادپەروەرییەوە سڵاو و حورمەتی خۆمان دەنێرین بۆ ئیمراڵی. بۆ داهاتووی منداڵەکانمان ئاشتیمان دەوێت. لێرەدا بەڵێنی ئاشتی دەدەین. وڵاتێکی ئازاد، دیموکراتیک و ئاشتیانەمان دەوێت."

گردبوونەوە بە وتنەوەی درووشم کۆتای هات.