"لە هێرش بۆ سەر نووسینگەی هەولێری کەنەکە یەکێتی نەتەوەیی کرایە ئامانج"!

کەنەکە ڕایگەیاند، هێرشەکەی سەر نووسینگەکەیان لە هەولێر لەلایەن دەوڵەتی تورک و هاوکارەکانییەوە دژی یەکێتی نەتەوەیی پیلانی بۆ دانراوە و جێبەجێ کراوە. جەختیشیکردەوە، لە دژی هەموو هێرشەکان رادەوەستین و هێڵی یەکێتی نەتەوەیی دەپارێزین.

دەستەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە) لەبارەی هێرشی چەکداری بۆسەر نووسینگەی هەولێریان و هەروەها هێرشەکەی سلێمانی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی کەنەکە کە بە ناونیشانی "لە هێرش بۆ سەر نووسینگەی هەولێری کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان یەکێتی نەتەوەیی کراوە بە ئامانج!" بڵاویکردووەتەوە، بە شێوەیەیە:

رۆژی ٢٠٢٣.٠٩.١٨ کاتژمێر یەک و نیوی پاش نیوەڕۆ، هێرشێکی دڕندانە کرایە سەر نووسینگەی ك ن ك لە هەولێر و بەرپرسی نوسینگە و ئەندامی ك ن ك، دێنیز جەودەت بولبون شەهید کرا. ئەم هێرشە هەروا بەڕێکەوت نییە. بە ئامانجگرتنی نووسینگەی ك ن ك لە چوارچێوەی بڕیار و پەیامێکی ستراتیژێکی فراواندایە. ئامانجی ئەو هێرشە تەنیا نووسینگە و خەباتکار و ئەندامێکی ك ن ك نییە. لەو هێرشەدا یەکێتی نەتەوەیی خەڵکی کوردستان، ناخ و مێشکی ستراتیژیی گەلی کوردستان بە ئامانج گیراوە. دوژمنان بەو هێرشانە ئەوە پشتڕاست ئەکەنەوە کە چەند لە یەکێتی و یەکریزی ئێمە ئەترسن و چەند پێی قەڵسن. پێویستە هەموو کوردێک ئەو راستییە بزانێت و بەو پێیەش هەنگاو بنێت.

ئێمە هێرشکاران ئەناسین، ئەمە هەر درێژەی ئەو هێرشانەیە کە ئەکرێنە سەر رۆژئاوای کوردستان، شەنگاڵ، مەخمور، زاپ، مەتینا، ئاڤاشین، سلێمانی و هەموو باشووری کوردستان. ئەو هێرشە لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و هاوکارەکانییەوە پیلانی بۆ دانراوە و جێبەجێ کراوە.

نووسینگەی ك ن ك لە ناو شاری هەولێرە. شەو و رۆژ لەژێر چاودێری ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی هەولێردایە. چەندین کامێرای چاودێریی لەو دەوروبەرەدا هەن. ئەگەر بکوژان نەپارێزرێن، چۆن ئاوا بە رۆژی رووناک جەسارەت ئەکەن دەست بوەشێنن و پەلاماری نووسینگەی ك ن ك بدەن و مرۆڤ تیرۆر بکەن؟ چۆن دەزگای میت ئاوەها بە ئاسانی لەو شارەدا تەراتێن دەکەن و کەسانی خۆفرۆش ئەکەنە سیخوڕ و بکوژی نیشتمانپەروەران؟ کێ مۆڵەتی بە ئەوان داوەو رێگایان بۆ خۆش ئەکات؟

ئەو کارە تیرۆریستییە زۆر پرسیار لەخۆئەگرێت. وەڵامدەری ئەو پرسیارانە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هەولێرن. ئەگەر رۆژێک زووتر ئەو تاوانکارانە نەگیرێن و ئەوانەی لە پشتییەوەن ئاشکرا نەکرێن و نەدرێنە دادگا، ئەوا بەرپرسیار دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هەولێرە.

هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بەردەوامن. هەر کەمێک دوای هێرشەکەی هەولێر پەلاماری فرۆکەخانەی عەربەت لە سلێمانی دراو هێزەکانی دژە تیرۆری یەکێتی نیشتمانی کوردستان کرانە ئامانج. ئەجمای ئەو هێرشەش شەهیدبوونی ٣ پێشمەرگە و برینداربوونی ٣ پێشمەرگەی دیکە بوو. رۆژێک پێش ئەو هێرشانەش لە شەنگاڵ ٣ فەرمانداری یەکینەکانی پاراستنی شەنگاڵ (یەبەشە) شەهید کران. لە هەمان کاتیشدا لە رۆژئاوا، لە مینبەج، قامیشلو، عامودا و ترپەسپی، شەڕڤان و کارمەندانی ئاسایش کرانە ئامانج و شەهید و برینداری لێکەوتەوە. ئەمە جگە لەوەی کە هێرش بۆ سەر هێزەکانی گەریلا بە چەکی قەدەغکراو و کیمیایی بە هەموو شێوازێک هەر بەردەوامە.

دەوڵەتی تورکیا بە گشتی لەگەڵ گەلی کوردستان لە شەڕێکی سەختدایە. ئەو شەرەش نەک هەر دژی هێزێکی کوردستانییە، بەڵکو دژی هەموو گەلی کورد و هەموو کوردستانە. ئەو دەولەتە نەک تەنیا هەر خۆی، بەڵکو دەوڵەتانی تری داگیرکەریش لە دژی خەڵکی کوردستان لەگەڵ خۆی ئەخاتە جووڵە. پێوستە هەموو کورد و هێزە کوردستانییەکان ئەو راستییە بزانن بە پێی ئەو راستییەش کار بکەن. هاوکاریکردنی دەوڵەتی تورکیا، هاوکاریکردنی داگیرکەران خیانەتە، هێڵی سوورە. نابێت هیچ کوردێک و هیچ هێزێکی کوردستانیی ئەو هێڵە ببەزێنن.

هێرش بۆسەر نووسینگەی ك ن ك بەئامانجگرتنی یەکێتی نەتەوەیی خەڵکی کوردستانە. لە دژی ئەو هێرشەو هەموو هێرشەکانی دی، پێویستە هێڵی نەتەوەیی بەهێز و پتەو بکرێت و هەموو هێزە کوردستانییەکان یەکڕیز بن. لەو بارەیەوە سەرەتا لە پارت و رێکخراوەکانی ئەندامی ك ن ك، هەروەها بانگەوازیی لە هەموو پارت و رێکخراوە کوردستانییەکانی دیکەش دەکەین لەدژی ئەو هێرشانە بێدەنگ نەبن. لە دژی هەموو هێرشەکانی داگیرکەران یەکدەنگ و یەکهەڵوێست بن.

ئێمە وەک کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لە بەرامبەر ئەو هێرشانە یەک هەنگاو بەرەو دواوە ناچین. خاوەندارێتی لە شەهیدانمان دەکەین، لە دژی هەموو هێرشەکان رادەوەستین و هێڵی یەکێتی نەتەوەیی ئەپارێزین. لە کەسێتی شەهید دێنیزدا، شەهیدانی فڕۆکەخانەی عەربەتدا، شەهیدانی شەنگاڵ و رۆژئاوادا، هەموو شەهیدانی کوردستان بە شکۆوە بەبیردێنینەوە و سەری رێز لە بەرامبەریان دائەنەوێنین. سەرەخۆشی لە خانەوادەی شەهیدان و هەموو گەلی کوردستان ئەکەین.

کۆنسەی بەڕێوەبەریی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان

٢٠٢٣.٠٩.١٩ برۆکسل

ژ.ن