لە هێرشێکی سوپای پاسداران بۆ سەر ماڵێک لە شنۆ لانیکەم کەسێک کوژرا

سوپای پاسداران لە گوندێکی شنۆ هێرشی کردووەتە سەر ماڵێک و بەهۆیەوە لانیکەم کەسێک کوژراوە، کەسێکیش بەبرینداری دەستبەسەرکراوە، سوپای پاسداران بانگەشە دەکات کە گروپێکی هێزە بەرهەڵستکارانی کردووەتە ئامانج.

بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هێزەکانی سوپای پاسداران لە گوندی تاژاندەرەی شنۆی دوای گەمارۆدانی ماڵێک، بە ئار پی جی هێرشیان کردووەتەسەر و لە ئەنجامدا کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکە بە برینداری دەستبەسەرکراوە.

بڕیارگەی هەمزەی سوپای پاسداران بانگەشەی ئەوە دەکات کە گروپێکی سەر بە حزبە کوردیە بەرهەڵستکارەکان کەوتوونەتە بۆسەوە و "لەناوبراون".

سوپای پاسداران هیچ ئامارێکی لەبارەی ئەو تێکهەڵچوونە نەخستووەتەڕوو، تەنیا باسی لە کوژران و برینداربوونی چەند کەس کردووە.

تائێستا ناسنامەی کوژراو و بریندارەکەی ئەو شەڕە نەزانراوە.

بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت کە چەند سەر ئەسب لەو ماڵەدا لەناوچوون، باس لەوەش دەکرێت، لەو هێرشەدا ماڵی کاسبکارێکی سەرسنوور کراوەتەئامانج.

هـ . ب