لە هەولێر تەرمی چالاکوانێکی ڕؤژهەڵاتی دۆزرایەوە کە ئەشکەنجەدراوە

چالاکوانێکی خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان بەکوژراویی لە شوققەکەیدا لە شاری هەولێر دۆزرایەوە، کە شوێنەواری ئەشکەنجەدان بەسەر جەستەیەوە بووە.

ئاژانسی ڕۆژ نیوز رایگەیاند، ڕۆژی ٣١ـی ١٢ـی ٢٠٢١ تەرمی چالاکوانێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شوققەکەیدا لە شاری هەولێر دۆزراوەتەوە.

ئەو چالاکوانە ناوی ئەحمەد بێخەم بووە و ناسراوە بە هەڤاڵ کەژوان و خەڵکی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و لە هەولێر نیشتەجێبووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە خانەوادەی ئەو چالاکوانە بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند، “بەردەوام لەلایەن کەسوکارەکەیەوە پەیوەندیی پێوە کراوە، بەڵام وەڵامی نەداوەتەوە، دوای دوو ڕۆژ لەلایەن پۆلیسەوە پەیوەندی بە خانەوادەیەکەوە کراوە و هەواڵی کوژرانیان پێ ڕاگەیەندراوە”.

هەمان سەرچاوە ئەوەشی خستووەتەڕوو، کە شوێنەواری ئەشکەنجەدان بەسەر جەستەی کوژراوەکەوە بووە و جەستەی شین بووەتەوە و گومان دەکرێت لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدابێت، تەرمەکەشی لە قەڵادزێ بەخاکسپێردراوە.

هێزە ئەمنییەکان بە کەسوکارەکەیان ڕاگەیاندووە، کە دوای ٢٠ ڕۆژی دیکە وردەکاریی گیان لەدەستدانی ئەو چالاکوانەیان پێ ڕادەگەیەنن.

ئەحمەد بێخەم، یەکێک بووە لەو کەسانەی لەکاتی سەفەربەریی بۆ شۆڕشی کۆبانێ، چووەتە ڕۆژئاوای کوردستان و لە ڕیزەکانی یەپەگەدا بەشداریی لە شۆڕشەکەدا کردووە.

ف.ق