لە جۆلەمێرگ، کاسبکاران ناچار دەبن دوکانەکانیان دابخەن

بە هۆی سیاسەتی شەڕی دەوڵەتی ئاکەپە – مەهەپە، قەیرانی ئابووری لە تورکیا و باکووری کوردستان ھەڵکشاوە، ئەوەش وایکردووە کاسبکارانی جۆلەمێرگ نەتوانن بە باشی کار و بژێویان دەستەبەر بکەن. ھاوکات بەشێکیان ناچار بوون بۆ پێدانی کرێ قەرز وەربگرن.

قەیرانی ئابووری لە تورکیا، کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان داناوە. بەهۆی ئەو قەیرانەوە ڕۆژانە نرخی کاڵا و پێداویستیە سەرەتاییەکان بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەرز دەبێتەوە. بەجۆرێک کە کاسبکاران و دوکانداران ناتوانن بە باشی کار و بژێویان دەستەبەر بکەن. لە جۆلەمێرگ کە ژمارەی دانیشتووانی ٣٠٠ هەزار کەسە، لە ٨٠%ی خەڵکەکەی بێکار و هەژارن. سەرباری ئەوەی دەروازەی سنووریشی هەیە، ئاڵوگۆرێکی بازرگانی ئەتۆ لە شارەکەدا نییە. لە ٨٠%ی کاسبکارانی جۆلەمێرگ بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە ناچاربوون واز لە کارەکانیان بهێنن، ھەندێکیشیان ناچار بوون بۆ پێدانی کرێ قەرز وەربگرن، هەندێکی دیکەش بەرهەم و کاڵاکانیان بە زەرەر دەفرۆشن.

لەوبارەیەوە سەرحەد ئاکبولوت، کە ماوەی ٢٠ ساڵە لە جۆلەمێرگ کاسبکارە ڕایگەیاند، ئەو کاڵا و بەرهەمانەی ئەمڕۆ دەیکڕن، ڕۆژی دواتر ناتوانن بە هەمان نرخ بکڕن و ناچار ئەو کاڵا و بەرهەمانەی ھەمانە هەرزانتر و بە زەرەر دەیفرۆشین. هۆکارەکەشی بۆ قەیرانی ئابووریی دەگەڕێتەوە.

'ناچار دەبین دوکانەکانمان دابخەین'

ئەکبولوت وتیشی: "بەهۆی بەرزی نرخی سووتەمەنی، ناتوانین هیچ شتێک بکڕین. ئەم قەیرانە ئابوورییە بە تایبەتی کاریگەری لەسەر خەڵک و کاسبکارانی جۆلەمێرگ هەبووە. ھاوڵاتیان بێکار بوون. بەهۆی قەیرانەکەوە لە ٨٠%یان ناچاربوون دوکانەکانیان دابخەن. کاسبکارەکانی دیکەیش ناتوانن تەنانەت کرێی دوکانەکانیان بدەن. قەیرانەکە بەمجۆرە بەردەوام بێت، چیتر ناتوانین کار بکەین و ناچار دەبین کاڵاکانمان بە زەرەر بفرۆشین".

'بەهۆی گرانی ناتوانین کاڵا و بەرهەمەکانمان بفرۆشین'

بوشرا سەوەن، کە ماوەی ٣ ساڵە لە بواری فرۆشتنی کەلوپەلی جوانکاریدا کاردەکات، ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی ئەوەی نرخی ئەو بەرهەمانەی دەیانفرۆشت زۆر بەرزبوونەتەوە، بەسەختی دەتوانن کەلوپەلی نوێ بکڕین. ھەروەھا بەهۆی ھەڵکشانی نرخەکان، ناتوانن ئەو بەرهەمانەش بفرۆشن کە هەمانە. وتیشی: "خەڵک لە نرخی کەلوپەلەکان دەپرسن، بەڵام بەهۆی بەرزی نرخەکەیان ناتوانن بیانکڕن. ناتوانم کرێی بدەم، چونکە داھاتی پێویستم نییە. ناچاربووم قەرز وەربگرم بۆ ئەوەی کرێکە بدەم.

'ناتوانین بژێویمان دەستەبەر بکەین'

کاسبکار هێلین بۆر-یش باسی ئەو سەختیانەی کرد، کە ڕۆژانە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە و وتی: "من ٨ ساڵە کاسبکارم. هەندێک جار بازاڕمان هەیە، هەندێک جاریش نییە. بەھۆی ئەوەی داھات و بازاڕمان نییە، ناتوانین کرێی بدەین و بژێوی پەیدا بکەین. لە ساڵانی رابردوودا زۆرێک لە هاوڕێکانمان ناچار بوون دوکانەکانیان دابخەن. چونکە ئێمە ناتوانین ئەو کاڵا و بەرهەمانەی لە دوکانەکاماندان بفرۆشین، لە سەر دەستمان دەمێننەوە. ئێمە لە لێواری مایەپوچ بوونداین".

ژ.ن