لە جیهان پشتگیری بۆ هەدەپە فراوان دەبێت

لەدژی هەوڵەکانی داخستنی هەدەپە لە جیهان ژمارەیەکی زۆر، بەڕێوەبەر، پەرلەمانتاری پارتەکان پشتگیری خۆیان بۆ هەدەپە دەربڕی و داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دەزگا و حکومەتەکان کرد لەدژی دیکتاتۆری ئاکەپە بێدەنگ نەمێنن.

پارتی سۆسیالیستی سویسرا (سەپە / پەسە) لە راگەیەنراوێکدا، تۆمارکردنی سکاڵا بۆ داخستنی هەدەپە و هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر گەرگەریئۆغلۆ وەک دیکتاتۆری لەقەڵەمدا. پارتی سۆسیالیستی سویسرا فشارەکانی شەرمەزار کرد و وتی، "ئێمە نیگەرانین لەبەرانبەر زیادبوونی فشارەکان لە تورکیا و بە شێوەیەکی توند شەرمەزاری دەکەین. ئێمە پشتگیری لە هەدەپە و عومەر فاروق گەرگەریئۆغلۆ دەکەین کە لە تورکیا لەدژی پێشێلکاری مافەکانی مرۆڤ دەنگێکی دلێرە.

لە راگەیەنراوەکەدا، لێسەندنەوەی پارێزبەندی و هەوڵی داخستنی هەدەپە وەک  هەڕەشەی 'گەڕانەوە بۆ رۆژانی تاریک و دیکتاتۆرۆ' لەقەڵەمدرا و باسی ئەوە کرا کە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێدەنگ نەبێت کە ئەردۆغان بۆ دەسەڵاتەکەی دیموکراسی و دەوڵەتی یاسایی دەکاتە قوربانی.

ساموئێل جۆگۆلاتی پەرلەمانتاری پارتی ئیکۆلۆ کە دووەم پارتی گەورەی بەلجیکایە، هەوڵی داخستنی هەدەپە و هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتارانی شەرمەزار کرد و وتی، "ئێمەی دیموکرات بێدەنگ نابین و هەموو کاتێک لە تورکیا کۆمەڵگایەکی ئازاد، ئاشتیخواز، دیموکرات و هەڕەنگ دەپارێزین."

پارتی دواڕۆژی گەل و رەنج (ئاکەل) کە دووەم پارتی گەورەی قوبڕسە لە راگەیەنراوێکدا، پشتگیری خۆی بۆ هەدەپە و گەرگەریئۆغلۆ پیشاندا و هێرشەکانی سەر هەدەپەی شەرمەزار کرد و رایگەیاند، ئەوان پشتگیری لە هەدەپە و هەموو ئەندامە دەستگیرکراوەکانی پارتەکە دەکەن.

هەروەها باسی ئەوەی کرد کە پەرلەمانتارەکانیان لە کۆنسەی ئەوروپا، ئەم پرسە دەکەنە بابەتی پەرلەمانی ئەوروپا و دەیکەنە رۆژەڤ.

هەروەها بزوتنەوەی ماریتوس میلیتان کە لە دورگەکانی زەریای هیندی بەهێزە، بە راگەیەرناوێک هێرشی سەر هەدەپەی شەرمەزار کرد. ڤیجای ماغان ئەندامی بەڕێوەبەری بزوتنەوەکە وتی، ئەو سیاسەتەی لەسەر هەدەپە بەڕێوە دەبرێت، جێگای نیگەرانیە و هێرش سەر دیموکراسیە و ئەوان پشتگیری لە برا و خوشکەکانیان لەناو هەدەپەدا دەکەن.

دیتمار کۆستیر ئەندامی پارتی سۆیاڵ دیموکراتی ئەڵمانی کە هاوبەشی دەسەڵاتە لەبارەی گرتنی هەدەپە وتی، "ئەو هەنگاوە لە دەرەوەی یاسا و لەدژی دیموکراسیە و پێشێلکردنی مافی هاوڵاتیبوون و سیاسیە."

کۆستیر رایگەیاند، ئەردۆغان هەنگاو بە هەنگاو بەرەو دیکتاتۆری دەچێت و ئاماژەی بە لێسەندنەوەی پارێزبەندی گەرگەریئۆغلۆ دا و وتی، "زۆر پەرلەمانتارانی یەکێتی ئەوروپا پشتگیری لە هەدەپە دەکەن."

هەروەها دیتمار نیتان کە ئەویش لەناو پارتی سۆسیالی دیموکراتی ئەڵمانیا بەرپرسێکی پلە بەرزە وتی، پشتگیری ئەوان بۆ هەدەپە و هێزە دیموکراتەکان بەردەوام دەبێت.

ف.ق