'لە کاتی دەنگداندا لەبیر نەکەن کە چۆن تەرمەکانیان خستە ناو کارتۆن و بۆ دایکان و باوکانیان ناردنەوە'

یەحیا دومان بەڕێوەبەری پارتی هەرێمە دیموکراتەکان لە جۆلەمێرگ وتی، "کاتێک دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان ئەو کەسانە لەبیرت نەکەن، کە تەرمەکانیان خستە ناو کارتۆن و تورەکە و بۆ دایکان و باوکانیان ناردنەوە."

پارتی چەپی سەوز  تاوەکو دەچێت لە جۆلەمێرگ پشتیوانیی زیاد دەکات، بەبێ ڕاوەستان بەردەوامە لە هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن.

موسا یگیت یەکێک لە بەڕێوەبەرانی پارتی چەپی سەوز لە جۆلەمێرگ بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)ی ڕاگەیاندن، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە خێراییەکی زۆر بەهێزەوە بەردەوامە و ماوەی دوو مانگە لە گۆڕەپانەکانداین. یگیت ڕاشیگەیاند، دوای کردنەوەی بنکەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن، سەردانی گوندەکان، کۆبوونەوەکانی گەڕەکەکان و سەردانی پیشەوەرانیان کردووە و وتی، "ئێمە دڵنیاین هەر ٣ پاڵێوراوەکانمان لەم هەڵبژاردنەدا سەردەکەون و ڕەوانەی پەرلەمانیان دەکەین. ئێمە بەڵێنمان بە گەلەکەمان داوە ١٠٠ پەرلەمانتار ڕەوانەی پەرلەمان بکەین. ئێمە بە پشتبەستن بە گەلەکەمان سەرکەوتوو دەبین."

 مستەفا ئاجەر هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان (دەبەپە) لە جۆلەمێرگ وتی، هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن لەنێو خەڵکدا بەردەوامە. ئاجەر ڕایگەیاند، هەدەپە، دەبەپە و پارتی چەپی سەوز هەمیشە بە سەردانکردنی ماڵان لە نێو گەلدان و وتی، "هەڵبژاردنەکانی ١٤ی ئایار بۆ گەلی کورد هەڵبژاردنێکی زۆر گرنگە. لێرە هەموو کەسێک کارەکانی خۆی بە دڵ و بە گیان ئەنجام دەدات و ئەمە زۆر گرنگە. هەموو کەس لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا تێدەکۆشێت و ڕەنج دەدات بۆ ئەوەی هەر ٣ پاڵێوراوەکەمان ڕەوانەی پەرلەمان بکەین".

 یەحیا دومان یەکێک لە بەڕێوەبەرانی دەبەپە لە جۆلەمێرگ ڕایگەیاند، ئەم هەڵبژاردنە بۆ بنیاتنانی دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و زیندانیان و بۆ باشترکردنی باری ئابووری زۆر گرنگە. وتی، "کاتێک هەر کەسێک دەچێتە بنکەکانی دەنگدان با ئەوەیان لەبیر نەچێت، کە چۆن تەرمی ڕۆڵەکانمانیان دەخستە ناو کارتۆن و تورەکە و دەیان ناردنەوە بۆ دایکان و باوکانمان. پارتی چەپی سەوز بۆ ئێمە زۆر گرنگە. پێویستە بۆ پەرلەمان دەنگی خۆمان بە پارتی چەپی سەوز بدەین. سەرۆک کۆماری جیاوازە لە پارتی چەپی سەوز. وەرن پێکەوە بەم هۆشمەندییەوە لە هەڵبژاردنەکان نزیک ببینەوە. بە هیوای ئەوەی ئێمە ١٠٠ پەرلەمانتار بنێرینە پەرلەمان. پاڵێوراوەکانمان زۆر باش و شارەزان. هیچ جیاوازییەک لە نێوان شار و شارۆچکەکاندا نییە. بەو هیوایە، کە ئێمە لە جۆلەمێرگ ئەنجامێکی زۆر سەرکەوتوو بەدەست بهێنین."

ژ.ت