لە کفرى پەردە لەسەر پەیکەری شەهید مامۆستا شەماڵ لادرا

لە یەکەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهید مامۆستا شەماڵدا، بە بەشداریى ژمارەیەکى بەرچاو لە توێژە جیاجیاکان و بنەماڵەکەی، لە ناوەندی قەزای کفرى، پەردە لەسەر پەیکەرەکەی لادرا.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی ئاب، لە شارۆچکەی کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان لە یەکەمین ساڵڕۆژی تیرۆرکردنی شەهید سوهەیل خورشید ناسراو بە (مامۆستا شەماڵ) نووسەر و مێژووناس و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگای کوردستان کوردستان، بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە رۆشنبیران، سیاسەتمەداران و نوێنەری حزب و لایەن، چالاکوانان و ژمارەیەکی بەرچاو لە هاوڵاتییان و کەسایەتییەکانی باشوری کوردستان و ناوچەکە، پەردە لەسەر پەیکەری شەهید لادرا.

سەرەتاى چالاکییەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهید مامۆستا شەماڵ دەستیپێكرد، پاشان لەلایەن خانەوادەی شەهیدەوە لە فلکەی بەرگریی شارستانی پەردە لەسەر پەیكەرەكەی لادرا، لادانی پەردە لەسەر پەیکەری شەهید تەنها بەشێکە لە زنجیرەیەک مەڕاسیم کە ئەمرۆ بۆ شەهید سازدەکرێت.

جێگای باسە شەهید مامۆستا شەماڵ ڕۆژی ٢٨ـی مانگی ئابی ساڵی ٢٠٢٢ لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لە کفری، بە دەستڕێژی گوللـە شەهید کرا، ئەمڕۆ ساڵێک بەسەر شەهیدبوونیدا تێدەپەڕێت، بەڵام تا ئەمرۆ تیرۆرستانی ئەو کردەوەیە دەستگیر نەکراون.

سەبارەت بە مەڕاسیمی یەکەمین ساڵیادی تیرۆرکردنی شەهید مامۆستا شەماڵ، ڕەنج سوهێل خورشید کوڕی شەهید بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "ساڵێک لەمەوبەر بەکرێگیراوانی داگیرکەر شەهید شەماڵیان لەبەر دەرگای ماڵەکەیدا شەهید کرد، هۆکاری شەهید کردنی شەهید شەماڵ بۆ نووسین و تێکۆشان و هەڵوێستەکانی دەگەڕێتەوە لەپێناو سەربەخۆیی هەر چوارپارچەی کوردستان، شەهید شەماڵ لە نووسینەکانیدا زۆر جەختی لە شوناس و ناسنامەی کوردستانی بوونی شارۆچکەی کفری دەکرد، هەروەها زۆر جەختی دەکردەوە لەسەر سنورەکانی باشوری کوردستان هەر بۆیە ئەتڵەسێکی تایبەت بە سنورەکانی باشوری کوردستان چاپکرد".

هەروەها لەدرێژەی قسەکانیدا کوڕی شەهید مامۆستا شەماڵ ووتیشی: "شەهید مامۆستا شەماڵ کاری زۆری لەسەر ناوچە دابڕێندراوەکان دەکرد بەتایبەتی ئەو گۆڕانکارییانەی بەسەر کەرکوکدا هاتووە بە مەبەستی گۆڕانی دیموگرافیای شارەکە بۆ کەمکردنەوەی رێژەی کورد لە شارەکە لەسەر ئەو بنەمایە کتێبێکی بەناوی ئەتڵەسی کەرکوک چاپ کرد، ئەمەش وایکرد ناحەزان و دوژمنان بێزاربن لە نووسین و تێکۆشان و چالاکی و هەڵوێستەکانی، بۆیە دەستیان برد بۆ تیرۆرکردنی شەهید مامۆستا شەماڵ، وە ئیمەش وەکو بنەماڵەی شەهید داواکارین لەلایەنە پەیوەندیدارەکان کە تاوانبارن و تیرۆرستان بدرێنە دادگا و ئەو لایەنەی کە لەپشت ئەم تیرۆرکردنە بۆ ڕای گشتی ڕایبگەینن".

ژ.ن