لەپارکی لەیلا قاسم، لەشارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ژمارەیەک لە هاوڵاتیان و چالاکوانانی گەرمیان، دژی هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی گردبونەوەیەکیان ئەنجامدا.
لەسەرناوی گردبونەوە جەماوەرییەکەی گەرمیان، سەلام عەلی ڕاگەیەنراوێکی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خوێندەوە و تیایدا هاتبوو: تا ئێستا دەوڵەتی تورک نزیکی (٤٠) ئۆپەراسیۆنی بەناوی جیاجیاوە بۆ سەر هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە، کە لەهەر هەموویان شکستی هێناوە، زۆر دڵنیاین ئەم ئۆپەراسیۆنەشی کە بەناوی (چنگی کلیل) دەستی پێکردووە به هەوڵ و تێکۆشانی گەریلاکانی کوردستان و پشتیوانی و پاڵپشتی گەل تێکدەشکێت.
وتیشی: دەوڵەتی تورک بێ گوێدان بە بنەماکانی ئاینی ئیسلام لەم مانگی پیرۆزی ڕەمەزانە هێرشی سەر خاک و گەلمان دەکات خوێنی ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانە دەڕێژێت و ژینگە وسروشت تێکدەدات کە ئەمەش دوورە لە هەموو بەها و ئەخلاق و بنەماکانی ئیسلام.
ئاماژەی بەوەشدا، دەوڵەتی تورک لەئێستادا لەڕووی ئابووری و كلتوريەوە باشووری كوردستانی بە تەواوی داگيركردووە و هەموو داهات و سامانی باشووری كوردستانی بۆ پەنجا ساڵ بە ڕێککەوتنێکی نهێنی ناڕەوا تاڵان كردووە و لە ئێستاشدا هەوڵی داگيركردنی دەدات لەڕووی سەربازيیەوە، هەر لەبەر ئەمەشە كە سوپای توركی داگیرکەر ئەم پەلامار و لەشكركێشیەی بە تەكنەلۆجیای پێشكەوتووی شەڕ كە بەشێكيان بەپێی ياسا نێودەوڵەتیەكان قەدەغەیە ئەنجام دەدات.
ڕوونیکردەوە، دەوڵەتی تورک پارتی كرێکارانی كوردستانی كردۆتە بيانوو بۆ داگيركاريەکانی ئەمەش دوورە لەڕاستیەوە، چونکە هەر خۆيان لە ڕاگەیاندنەکانیانەوە نايشارنەوە کەوا باشووری كوردستان بە موڵکی خۆیان دەزانن و باس لە ميساقی ميللی دەكەن تايبەت بە ولايەتی موسڵ، كە هەموو باشووری كوردستان دەگرێتەوە.
باسی لەوەشکرد، هەر لايەنێكيش ببێت بە بەشێک لەم داگيركاريە دەبێتە خيانەتی نيشتيمانی و پێویستە هەموو لايەنەكان بە ڕوونی هەڵوێستی خۆيان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا بكەن، داوا لە هەرسێ سەرۆکایەتیەکەی حكومەتی عێراقیش دەکەین بە ئەرک و بەرپرسياريیەتی خۆیان هەڵسن و داوای ياسايی لەسەر توركيا تۆمار بكەن لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر پێشێلکردنی سەروەری خاكی عێراق.
هاوکات داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ئەو هێرشە داگیرکارییەی دەوڵەتی تورک ڕابگرن و لە پەیامێکیشدا بۆ خەڵکی کوردستان داوایانکرد: پاراستنی هەرێمی كوردستان بە ئەرکی ئەخلاقی و ديرۆکی خۆیان بزانن و بە هەموومانەوە فشار درووست بكەين لەسەر لايەنە سياسیەکان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی یەکگرتووی فراوان دژی داگیرکاری و لەشکرکێشی توركيا بۆ سەر وڵاتەکەمان.
ف.ق