لە کەمپی مەخمور یادی شەهید ڤیان کرایەوە

لە ١٧یەمین ساڵیادی شەهیدبوونیدا لە کەمپی مەخمور یادی ڤیان سۆران (لەیلا والی حسێن) کرایەوە.

لە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی مەخمور، بە ئامادەبوونی جەماوەرێكی بەرچاو، یادی شەهید ڤیان سۆران بەرز ڕاگیرا و مەراسیمی یادكردنەوەكە لە ڕێكخراوی بنەماڵەی شەهیدان، بە خولەكێك ڕێزگرتن لە سەرجەم شەهیدانی بزوتنەوەی ئازادی كوردستان بەڕێوەچوو.

دواتر حەلیم هلالی، ئەندامی ئەنجومەنی عەشتار، باسی تێكۆشانی شەهید ڤیان سۆرانی كرد و وتی: هەرچەندە لە بارەی شەهیدانەوە قسە بكەین، هێشتا ناتوانی بەتەواوەتی گوزارشت لە شەهیدان بكەین و كەممان وتووە، ئێمە لەسەر ڕێگای شەهیدان دەڕۆین، شەهیدان ڕێگامان ڕووناك دەكەنەوە، هەڤاڵ ڤیان سۆران، یەكێك بوو لەو هەڤاڵانە.

وتیشی: هەڤاڵ ڤیان بە مەبەستی شەرمەزاركردنی ئەو گۆشەگیرییە توندەی بەسەر ڕێبەر ئاپۆدا سەپێندراوە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و بوو بە شەهید، شەهیدبوونی هەر هەڤاڵێك بۆ ئێمە هەم مایەی دڵتەنگییە و هەم جێگای شانازییە، تا كۆتایی ڕێچكە و ڕێبازی شەهیدان دەگرینەبەر.

دوای وتارەكەی حەلیم هلالی، ئەو فیلمە نمایش كرا، كە لەسەر تێكۆشانی شەهید ڤیان ئامادەكرابوو و دوای فیلمەكەش مەراسیمەكە بە دروشمی “بژی سەرۆك ئاپۆ” و “شەهید نامرن” كۆتایی هات.

ف.ق