لە کەرکوک ١٦هەمین ساڵیادی شەهید ڤیان سۆران بەرزڕاگیرا
لە بارەگای کەرکوکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕەژاک)، بە مەراسیمێک یادی فەرماندەی یەژاستار ڤیان سۆران کرایەوە.
لە بارەگای کەرکوکی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕەژاک)، بە مەراسیمێک یادی فەرماندەی یەژاستار ڤیان سۆران کرایەوە.
ڤیان سۆران بۆ ئیدانەکردنی گۆشەگیری و دیلکردنی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ٢ی شوباتی ٢٠٠٦دا ئاگری لە جەستەى بەردا و بە تێکۆشانەکەى لەسەر هێڵی ئازادیی ژن، بووە پێشەنگ بۆ ژنان.
ئێوارەی دوێنێ هەینی لە شاری کەرکوک لە باشوری کوردستان، لە بارەگەی ڕیکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستان (ڕەژاک) یادی ١٦هەمین ساڵیادی گیانفیدایی ڤیان سۆران (لەیلا والی حسێن) فەرماندەی یەژاستار بەرز ڕاگیرا.
لە مەراسیمەکەدا چالاکوانان و گەنجان و کەسایەتیەکانی شارەکە و ژمارەیەکی زۆری ژنی شاری کەرکوک ئامادەبوون.
سەرەتای مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن لە روحی پاکی شەهیدانی هەرچوار پارچەی کوردستان دەستیپێکرد و دواتر ژیاننامەی شەهید (ڤیان سۆران) بۆ ئامادەبووانەوە مەارسیمەکە خویندرایەوە.
ژیاننامەی شەهید (ڤیان سۆران)، لەلایەن ژینۆ ڕەشید هەڤاڵی شەهید ڤیان، کە لەهەمان کاتدا ناوبراو ئەندامی ئەنجوومەنی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیخوازی کوردستانە بۆ ئامادەبوان باس کرا و ژینۆ ڕەشید بەم شیوەیە باسی ژیانی شەهید ڤیان سۆرانی کرد: "فەرماندەی یەژاستار ڤیان سۆران (لەیلا والی حەسەن) لە ساڵی ٢٠٠٦دا لە حەفتانین لە دژی پیلانگێڕیی نێونەتەوەیی ١٥ی شوبات ئاگری لە جەستەى خۆی بەردا، بە بڕیاربوون، ئیرادە، ورەی تێکۆشان و ئەوینداریی بۆ ئازادی وەک میراتێک بۆ هەموو ژنان بە جێهێشت.
لەیلا والی حەسەن (ڤیان سۆران) لە ساڵی ١٩٩٧ لە ناو بنەماڵەیەکی عەشیرەتی جاف لە شاری سلێمانی لە دایکبوو، لەگەڵ خوشکەکەیدا بڕیاری چوونە ناو ڕیزەکانی گەریلا دەدەن. کاتێک بنەماڵەکەى داوای لێدەکەن لە بڕیارەکەى پەشیمان بێتەوە پێیان دەڵێت، "بە هیچ شێوەیەک لەگەڵتان نایەمەوە، من دەڕۆم بۆ ئەو شوێنە، کە داوا و خواستی ئازادیی تیادا بەجێبهێنم".
ڤیان سۆران بەهۆی لێهاتووییەوە لە دوای ساڵێک لە بەشداریکردنی لە ریزەکانی گەریلادا و لە دۆخێکی سەخت و دژواردا، گەیشتە ئاستی فەرماندەیی یەکینەی ژنانی ئازاد (یەژاستار). لە هەموو ساتەکانی ژیاندا پێداگریی لەسەر هۆشمەندیی ژن دەکرد و رۆڵی پێشەنگانەى خۆی دەگێڕا. لە هەمان کاتدا لە ناو پەکەکەشدا بە هۆی هەڵوێست و تواناکانییەوە ناو و ناوبانگی بڵاوبوویەوە.
ئەو ساڵانە، کە ڤیان سۆران لە چیاکاندا بوو، لە ناو تێکۆشاندا پیلانگێڕیی دژ بە رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان ئەنجامدرا. لە دژی ئەو پیلانگێڕییە دەیان گەریلا لە شاخەکان و وڵاتپارێز لە سەر شەقامەکان، لە شارەکان، لە زیندانەکان و لە ئە وروپا بە دروشمی "ئێوە ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن" چالاکیی فیداییان ئەنجامدا و ئاگری ناڕەزایەتییان لە جەستەیان بەردا.
لە ساڵی ٢٠٠٦دا و کاتێک لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد قورس و چڕ کرابوویەوە، ڤیان سۆران بۆ ئیدانەکردن و دژایەتیکردنی ئەو گۆشەگیرییە خۆی کردە بەشێک لە چالاکییە فیداییەکانی "ئێوە ناتوانن رۆژی ئێمە تاریک بکەن" لە شوباتی ٢٠٠٦دا لە حەفتانین ئاگری لە جەستەى خۆی بەردا و شەهید بوو."
پاش تەواوبوونی خوێندنەوەی ژیاننامەی شەهید (ڤیان سۆران)، بە پێشکەش کردنی فیلمێکی دۆکیومەنتەری لەسەر ژیان و تێکۆشانی شەهید ڤیان سۆران کۆتایی بە مەڕاسیمەکە هات.
ژ.ت