لە کەرکوک بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی کۆڕێک بەڕێوەچوو
لە شاری کەرکوک لەژێر ناونیشانی(بەرەو دەرونێکی باشتر) لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کۆڕێک رێکخرا.
لە شاری کەرکوک لەژێر ناونیشانی(بەرەو دەرونێکی باشتر) لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کۆڕێک رێکخرا.
دوێنێ ئێوارە لە ناوەندی دیالۆک، لە شەقامی کۆماری شاری کەرکوک، لەلایەن ئەڵماس سەمیع چالاکوانی مەدەنی، میوانداری دکتۆر محەمەد حەمید پزیشکی بواری دەرووناسی کرا، هەروەها ناوبراو لەژێر ناونیشانی (بەرەو دەرونێکی باشتر) کۆڕێکی پێشکەش بە چالاکوانان و ژنانی شارەکە کرد.
کۆڕەکە لەچوارچیوەی هەڵمەتی ١٦ رۆژەی، رۆژی ٢٥ی نۆڤەمبەر رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان بەڕێوەچوو، لە کۆڕەکەدا ژمارەیەک لە چالاکوانان و نوێنەری بەشیك لە رێکخراوەکانی مافەکانی ژنان بەشداربوون.
لە کۆڕەکەدا دکتۆر محەمەد حەمید تیشکی خستەسەر جۆرەکانی توندوتیژی و شێوازەکانی و رایگەیاند: "ئەنجامدانی هەر کارێکی ئازار بەخش بە مرۆڤەکان پی دەوترێت توندوتیژی کە هەندێک جار ئەو توندوتیژیانە دەگاتە ئاستێک کە هانی بەرامبەر بدات خۆی بکوژێت، هەروەها دوو جۆری توندوتیژی هەیە کە توندوتیژی دەروونی و جەستەییە و تەواوی ئەو ستەمانەی لە گەلی کورد کراوە لە کوشتن، ئەشکەنجە، زیندانی کردن و بەعەرەب کردنی شارەکە و چەندین کردەوەی دیکە هەموو ئەمانە لەچوارچێوەی توندوتیژی دژی گەلی کورد ئەنجامدراوە".
هەروەها دکتۆر محەمەد حەمید ئاماژەی بە هۆکارەکانی توندوتیژییش کرد و وتی: "لە ٣٥٪ لە ژنانی جیهان رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتە کە بریتیبووە لە توندوتیژی جەستەیی و دەروونی، هۆکارەکانی توندوتیژی دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێک کە لەنێوانیشیاندا نەبوونی کار و هەژاری هەیە، هەروەها کەناڵەکان بابەتی بێ سوود و زیان بەخش نمایش دەکەن و دراما بیانیەکان کاریگەری زۆر خراپیان هەبووە لەسەر تێکدانی کۆمەڵگای کوردی. سیستەمی پەروەردەمان زۆر دواکەوتوو بەشێوازێک کە ئێمە لەئیستادا کۆمەڵگایەکی چاکساز نین بەڵکو کۆمەڵگایەکی ڕووخێنەرین".
دوای کۆتایی هاتنی کۆڕەکە، بۆ زیاتر تیشک خستنەسەر کێشەی زیادبوونی توندوتیژی و چارەسەر بۆ کێشەکان ژنانی چالاکوانی بەشدار لە کۆڕەکە سەرنج و بیروبۆچوونەکانی خۆیانیان ئاڕاستەی ئامادەبووان و مێوانی کۆڕەکە کرد.
ف.ق