لە کەرکوک بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان ئاگری نەورۆز کرایەوە

سەرەڕای قەدەغەی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک، چالاکوانانی مەدەنی بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان ئاگری نەورۆز کرایەوە و جەژنی سەری ساڵی کوردیان پیرۆز کرد.

کوردانی کەرکوک لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ـەوە یادی راپەڕین و ئاگری نەورۆز لە قەڵای کەرکوک دەکەنەوە، جیا لەوەش خەڵک لەنێو گەڕەک و گۆڕەپانی گەڕەکەکان ئەو یادەیان رێکدەخست و لەنێو گەرەکەکان ئاگری نەورۆزیان دەکردەوە.

هەموو ساڵێک لە رۆژی ٢٠-٢١ ئادار ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای کەرکوک دەکرایەوە، هاونیشتمانیانیش ئامادەکاریان بۆ ئەو رۆژە دەکرد و  خاوەن دووکانەکانی جلی کوردیش جمەیان دەهات لە کڕیار، بەڵام ئەم ساڵ جیاواز لەو ساڵانە ئەگەرچی ئامادەكاریی تەواو كرابوو بۆ نەورۆز، بەڵام بەهۆی مەترسیی نەخۆشی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاهەنگەكانی پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز وەکو ساڵانی پێشوو نەبوو.

بەڵام هەموو ئەمانە نەبوونە رێگر لەبەردەم هاوڵاتیانی شارەکە بۆ پیرۆزکردنی ئەو جەژنە، هاوڵاتیانی کەرکوک لە نێو کۆڵانەکانی گەرەکەکانی شاری کەرکوک ئاگری نەورۆزیان کردەوە.

هەروەها ئێوارەی ئەمرۆ شەممە بە دەستپێشخەری کۆمەلێک لە چالاکوان و مامۆستا و رێکخراوی مەدەنی لە شاری کەرکوک، توانرا ئاگری نەورۆز بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان بکرێتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک قەدەغەیە.

مامۆستا محەمەد جەلیل چالاکوانی مەدەنی، سەبارەت بە پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز لە شاری کەرکوک بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: "دوای ئەوەی کە زانیمان لایەنە سیاسییە کوردیەکانی کەرکوک وەکو ساڵانی پێشوو هیچ چالاکییەکی هاوبەش ئەنجام نادەن، بۆیە ئێمە وەکو چالاکوانانی مەدەنی لە کەرکوک بڕیارماندا یادەکردنەوەی بۆنە نەتەوەییەکانی وەکو نەورۆز و ڕاپەرین بەرز ڕابگرین تا ئەو یادانە لەناو خەلک بەزیندووی بمێنێتەوە."

هەروەها محەمەد جەلیل ئاماژەی بەوەدا: "سەرەڕای بوونی حوکمی سەربازی و کەرنتینە لە شاری کەرکوک ئێمە وەکو چالاکوانانی مەدەنی نەمانهێشت ئەو هۆکارانە ببنە ڕێگر لە پیرۆزکردنی جەژنی سەری ساڵی کوردی و خۆشبەختانە توانیمان ئاهەنگێکی خنجیلانە ئەنجام بدەین بۆ پاراستنی کلتوری جەژنی گەلی کورد."

لە کۆتایدا محەمەد جەلیل چالاکوانی مەدەنی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات وتی: "ئێمە ئەم شوێنەمان هەڵبژارد بۆ ئەنجامدانی ئەم ئاهەنگە چونکە ساڵانە لێرە ئاگری نەورۆز دەکرایەوە و ئەم شوێنە واتای خۆی هەیە، خۆشبەخاتەنەش هیچ لایەنێکی سیاسی ئەمنی ڕێگری لێمان نەکردووە بۆ ئەنجامدانی ئەم چالاکی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆزە."

ف.ق