لە کەرکوک دوو چەتەی داعش کوژران

لە شاری کەرکوک، دوای ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان دوو چەتەی داعش کوژران.

 کاتژمێر ١٠:٣٠ی شەوی رابردوو، "شانەی هەڵۆی هەواڵگری عێراق" لەبۆسەیەکدا لە دوو سایدی نێوان شەقامی بازنەیی و بازاڕی گەڕەکی پەنجا عەلی لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، هەوڵیانداوە دوو کەسی گومانلێکراو کە ماتۆڕێکی "سێ تایە"یان پێبووە دەستگیربکەن، بەڵام خۆیان بەدەستەوەنەدا و بەهۆیەوە رووبەڕووبوونەوە دروست بووە.

سەبارەت بە ڕووداوەکە، ووتەبێژی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی وەزارەتی ناوخۆ، عەمید میقداد میری ڕایگەیاند، بە هەوڵێکی هەواڵگری و ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت، کە تیدا شانەی هەواڵگری  توانی لە ئەنجامی بەدواداچونەکانیدا دوو تیرۆریست لە گەڕەکی پەنجا عەلی گەمارۆ بدات تەقەیان لێبکات، دەرکەوت کە تیرۆرستەکان پشتێنی بۆمبڕێژکراویان لەبەردا بووە کە لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا تەقیوەتەوە، کە بووە هۆی کوژرانیان.

 جێگای باسە لە چەند ڕۆژی ڕابردوو ڕووداوی هاوشێوە لە شاری کەرکوک ڕوویداوە، رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، لە گوندی سێکانیانی سنوری کەرکوک، ڕووبەڕووبوونەوە چەکداری لە نێوان هێزێکی ئەمنی هاوبەش و دوو چەکداری داعش ڕوویدا، بەهۆیەوە چەکدارێک کوژرا و یەکێکی دیکەیان ڕایکرد، هەروەها سێ کارمەندی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون کە برینی یەکێکیان سەخت بوو.