لە کەرکوک ساڵیادی شەهیدبوونی ژنە شۆرشگێری کورد (لەیلا قاسم) بەرز ڕاگیرا

لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری کەرکوک ٤٨هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی ژنە شۆڕشێگێری کورد (لەیلا قاسم) بەرز ڕاگیرا.

ژنە تێكۆشەری كورد لەیلا قاسم، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێكی ھەژار و نیشتمانپەروەری كورد لە دایكبووە، ساڵی ١٩٧١ لە خانەقینەوە ماڵیان گواستۆتەوە بۆ بەغدا.

 لەیلا قاسم بۆ یەكەم جار لە ساڵی ١٩٥٨ لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن و قۆناغەكانی سەرەتایی و دواناوەندی لەم شارە تەواو كردووە، لەیلا لە ساڵی ١٩٧١دا لە بەشی كۆمەڵناسی كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدا خوێندویەتی. لەیلا كە ھەر لە تەمەنی منداڵییەوەی ھەژاری و نەداری چەشتبوو، لەلایەكیش و زوڵم و زۆرداری ڕژێیمی عێراق لەسەر گەلی كورد، بیری ئازادیخوازانە و خەبات و تێكۆشانی لەلای لەیلا قاسم دروستكردبوو.

 لەسێدارەدانی لەیلا قاسم

 ڕێژیمی بەعس بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان و قوتابیان و چینی ڕۆشنبیری كورد یەكسەر دوای دەستگیركردنیان دادگایەكی نادادوەرانەی دژ بە لەیلا قاسم و ھاوڕێكانی بەڕێوەبرد و بڕیاری لەسێدارەدانیانی بۆ دەركرد، ھێشتا دوو ھەفتە بەسەر دەستگیركردنیان تێنەپەڕیبوو، كە كاتژمێر ٧ی سەرلەبەیانی ڕۆژی١٢/٥/١٩٧٤  لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێكەی لەسێدارەدران.

 ھەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم بە كوردستاندا بڵاو بۆوە، ھەروەھا ھەندێك لە ڕاگەیاندنەکانی ئەوکاتەی جیھان ھەواڵی لە سێدارەدانی لەیلا قاسمیان وەك لەسێدارەدانی یەكەم ژن لە مێژووی سیاسی عێراقدا بڵاوكردۆتەوە، بێگومان لەسێدارەدانی ژنە كوردێك بەدەستی ڕێژیمی عێراق كاریگەرییەكی گەورەی كردە سەر لاوانی ئەو سەردەمەی كورد، كە ئەمەیش بووە ھۆی ئەوەی بە ھەزاران لاوی كورد پەیوەست بن بە دۆزی گەلەكەیان و ڕوو لە چیاكان بكەن.

 دوای لەیلا قاسم لە سەرتاپای كوردستان ھەزاران منداڵی كورد بە ناوی لەیلاوە ناونران. لەیلا قاسم بوو بە چیرۆك و داستان و ھەڵبەستی شاعیرانی گەورەی كوردی وەك جگەرخوێن و هێمن و زۆری تر.

بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ئەو ژنە تێکۆشەر و قارەمانە، لە ٤٨هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی (لەیلا قاسم)، لە شاری کەرکوکی باشوری کوردستان، بەڕێوڕەسمێک یادی ئەو ژنە شۆرشگێرە کوردە کرایەوە،

ڕێوڕەسمی یادکردنەوەکە بەسەرپەرشتی  پارێزەر (ئاهەنگ ئەنوەر) چالاکوانی ژنان و بەهاوکاری هەریەکە لە چالاکوانی مەدەنی (ئامینە ئەحمەد) و (سارا شێخانی) لە کتێبخانەی کارێز بەڕێوەجووە.

لە سەرەتای مەڕاسیمەکەدا، ئامادەبووان ساتێک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان ڕەوستان، پاشان ژیاننامەی شەهید لەیلا قاسم لەلایەن ئاهەنگ ئەنوەروە خوێندرایەوە و پاشان به‌ڵگه‌ فیلمێك سه‌باره‌ت به‌ ژیانی شه‌هید له‌یلا قاسم وەکو هێمای شكۆی ئافره‌تانی كوردستان پێشکەش کرا.

پاشان بە بەشداری هەردوو چالاکوان (ئامینە ئەحمەد) و (سارا شێخانی) دیبه‌تێك پێشكه‌ش کرا، لە دیبەیتەکدا کچە چالاکوان (ئامینە ئەحمەد) دەربارەی گرنگی کاری خۆبەخشی گەنجان و ژنان قسەی کرد و تیدا داوای کرد کە گەنجان پێشەنگایەتی کۆمەڵگا بکەن و ئامادەبوون خۆبەخشانە بەشداری بکەن لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگا،

هەروەها ئامینە ئەحمەد سەبارەت بەکەمی ڕێژەی چالاکوانی ژنان ووتی: "ترسی خێزانی ڕێگرە لەکارکردنی زیاتری ژنان لەناو کۆمەڵگادا چونکە بەهۆی ئارامی و ناسەقامگیری کۆمەڵگا خێزانەکان ڕێگە نادەن کچەکانیان بەشداری چالاکی و کاری خۆبەخشی بن، هەروەها عەقڵیەتی کۆمەڵگا بەربەستە لە زیادبوونی رێژەی ژنان لە کایە جیاوازەکانی ژیان چونکە عەقڵیەتی کۆمەڵگا پی وایە پیاوان زیاتر دەتوانن کارەکان جێبەجێ بکەن نەک ژنان ئەم عەقڵییەتەش کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان دروستکردووە".

هەروەها لە دیبەیتەکەدا سارا شێخانی، باسی لەو ئاستەنگیانە کرد کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە کۆمەڵگا کە دەبێتە ڕێگر لەبەردەم تواناکانی ژنان و هەروەها هانی گەنجانیان دا کە پشت بەخۆیان ببەستن و زیاتر تێبکۆشن لە بەدیهێنانی ئامانجەکانیان و رۆڵی زیاتر بگێرن لە کۆمەلگادا".

سەبارەت بە ڕێوەڕەسمی یادکردنەوەی ٤٨هەمین ساڵیادی شەهید لەیلا قاسم، ئاهەنگ ئەنوەر ڕێکخەری ڕێوەرەسمەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات ووتی: "ئێمە ئەمرۆ لە ٤٨هەمین ساڵیادی شەهیدبوونی لەیلا قاسم و هاوڕیکانی چالاکییەکمان ڕێکخست بۆ بەرز ڕاگرتنی رۆڵی ئەو شەهیدانە، لەم چالاکییەدا ژمارەیەک لە ژنانی گەنج بەشداربوون کە توانیمان لەم چالاکییەدا هێزێکی مەعنەوی بەژنانی گەنج ببەخشین، و پیان ڕابگەینین کە ژنانی کورد بەتوانان".

هەروەها ئاهەنگ ئەنوەر ووتیشی: " لێرە دووپاتمان کردەوە کە ئێمەی ژنانی کورد هەمیشە درێژەی پێدەری ڕێگەی شەهید لەیلا قاسم بین، لەیلا قاسم قوتابخانەیەک بوو کە هەمووانی فێری عەشقی نیشتیمان کرد، وە هەر ژنێک لەبوارەکەی خۆیدا بتوانێت خزمەت بە خاک و نشتیمانەکەی بکات ئەوە درێژەی پێدەری رێبازی ئەو ژنە شەهیدەیە".

لەکۆتایدا کتێبی هەڤاڵ کوێستانی بەناونیشانی(ئەو رۆژانەی نشتیمان هی هەمووان بوو) پێشکەش بە ئامادەبووان کرا هەروەها بە پێشکەش کردنی وێنەیەکی شەهید لەیلا قاسم بە کتێبخانەی کارێز چالاکییەکە کۆتایی هات.

هـ . ب