"لە مانگی جۆزرەداندا ٧ کۆڵبەر و ٥ ژن و ٥ کرێکار کوژراون و گیانیان لە دەستداوە"
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕاپۆرتی مانگانەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی لە کوردستان بۆ مانگی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاوکردەوە.
تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕاپۆرتی مانگانەی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤی لە کوردستان بۆ مانگی جۆزەردانی ١٤٠٠ی هەتاوی بڵاوکردەوە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە، لە مانگی جۆزەرداندا ٧ کۆڵبەر و ٥ ژن و ٥ کرێکار و ٢ زیندانی و ٤ پەنابەری خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراون، یان گیانیان لە دەستداوە.
لە راپۆرتەکەدا ئەوەش هاتووە، لە مانگی جۆزەرداندا لە بانە و سەوڵاوا ٥ گەریلای پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە بۆسەى هێزە ئەمنییەکانی ئێراندا شەهید بوون.
بەپێی راپۆرتەکە هەر لەو مانگەدا هێزە ئەمنییەکانی ئێران ١٩ چالاکوانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان دەستگیرکردووە.
لە مانگی جۆزەرداندا ٧ کۆڵبەری کورد لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان گیانیان لەدەست داوە. یەک لەم کەسانە بە هۆی وەستانی دڵەوە لە ڕێگای کۆڵبەریدا و یەکی دیکەشیان بە هۆی بەربوونەوە لە بەرزاییە سنوورییەکانەوە گیانیان لەدەست داوە. ٣ کەس بە تەقەی هێزەکانی چەکداری ئێران و ٢ کەسیش بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری تورکیا و ئێراق گیانیان لەدەست داوە. هەروەها هەر لەم مانگەدا ١٠ کۆڵبەری کوردی تر لە ئەنجامی تەقەکردنی هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران و تورکیادا بریندار بوون یان ئەندامی لەشیان لەدەست داوە.
هەر لە مانگی جۆزەرداندا لانیکەم ٥ ژنی کورد لە شارەکانی دەڕەشار، ئیلام، کرماشان و سەقز بە دەستی ئەندامانی بنەماڵەکانیان کوژراون. لەمانە تەنیا ناسنامەی دوو کەسیان بە ناوەکانی حومەیرا بازگیر و گوڵاڵە شێخی ئاشکرا کراوە.
لەم مانگەدا دوو زیندانیی کورد لە زیندانەکانی بۆکان و ورمێ لەبەر پێڕانەگەیشتنی پزیشکی و وەدرەنگخستی گواستنەوە بۆ ناوەندە پزیشکییەکانی دەرەوەی زیندان، گیانیان لەدەست داوە.
هەر لە مانگی جۆزەرداندا ٤ پەناخوازی کورد لە ڕێگای پەناخوازیدا لە دەرەوەی وڵات گیانیان لەدەست داوە؛ یەکیان بە هۆی خۆسووتاندنەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست دۆخی دژواری پەناخوازیدا، دووانیان لە ڕووداوی هاتوچۆدا و یەکیشیان بە هۆی وەستانی دڵەوە لە ڕێگای پەناخوازیدا گیانیان لەدەست داوە.
لە هەمان کات و هەر لەم مانگەدا، لانیکەم ٥ کرێکاری کورد لە شارەکانی سەقز، کرماشان، سەردەشت و مەریوان لە ڕووداوەکانی کاردا گیانیان لەدەست داوە.
هەروەها هەر لەم مانگەدا ٥ ئەندامی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە هۆی بۆسەنانەوەی هێزەکانی قەرارگای شەهرامفەڕی سپای پاسدارانەوە لە دەوروبەری شارەکانی بانە و سەوڵاوا گیانیان لەدەست داوە.
لەم مانگەدا لانیکەم هاووڵاتییەکی خەڵکی سەردەشت و سەربازێکی هەنگی سنووریی بانە بە تەقینەوەی مین بریندار یان کەمئەندام کەوتوون.
لە مانگی جۆزەرداندا لانیکەم ٥ هاووڵاتیی کورد بە تۆمەتی بانگەشەی دژی حکوومەت، چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی و موحارەبە، لە لایەن دادگاکانی ئینقلابی ئیسلامییەوە حوکمی زیندانیان لە ٣ مانگەوە تا ٤٠ ساڵ بەسەردا سەپاوە.
هەر لەم مانگەدا لانیکەم ١٩ هاووڵاتی و چالاکی کود لە پارێزگاکانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون. لەمانە تەنیا دوو کەسیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کراون.
لە مانگی جۆزەرداندا ٣ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی ڤیان محەممەدی، شاکر بێهرووز و کەیهان مەکەڕەم لە زیندانی ورمێ و بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست بەردەوامێتیی دەستبەسەربوون، دادگاییکردنی نادادپەروەرانە و ڕەچاونەکردنی گەڵاڵەیاسای کەمکردنەوەی سزای زیندان، مانیان لە خواردن گرتووە.
هەر لە مانگی جۆزەرداندا بە دەیان حاڵەتی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی سەلاسی باوەجانی، مەریوان، سەوڵاوا، بانە و سەردەشت تۆمار کراوە کە ئەگەرچی بۆتە هۆی لەناوچوونی دارستان و لەوەڕگەکانی ئەم ناوچانە، بەڵام دواجار بە هەوڵ و تێکۆشانی دامەزراوە ژینگەپارێزەکان و خەڵکی خۆبەخش کۆنترۆڵ کراون و کوژێنراونەتەوە.
ژ.ت