لە مەخمور یادی شەهید یوسف پیرۆسی، تێکۆشەر پێنجوێن و زەردەشت عیسیان بەرز ڕاگیرا

لە کەمپی پەنابەرانی مەخمور، بە ئەنجامدانی مەراسیمێکی جەماوەری، یادی یوسف پیرۆسی، تێکۆشر پێنجوێن و زەردەشت عیسیان، کە ڕۆژی ٢٧ی تەمووز لە گۆڕەپانی بەتکار-ی سەر بە ناوچەی ئەلکێ-ی شڕنەخ شەهید بوون، بەرزڕاگیرا.

یوسف پیرۆسی، تێکۆشەر پێنجوێن و زەردەشت عیسیان ، کە ڕۆژی ٢٧ی تەمووز لە گۆڕەپانی بەتکار-ی سەر بە ناوچەی ئەلکێ-ی شڕنەخ لە ئەنجامی بۆردومانێک شەهید بوون، لە مەراسیمێکی جەماوەریدا لە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕوستەم جودی (مەخمور) یادیان کرایەوە.
مەراسیمی یادکردنەوەکە لە ڕێکخراوی بنەماڵەی شەهیدان لە مەخمور بە ئامادەبوونی خەڵکی کەمپەکە بە خولەک ڕێزگرتن لە سەرجەم شەهیدانی تێکۆشانی ئازادی گەلی کورد، دەستیپێکرد. پاشان ئەحمەد نێروەهی، بە ناوی خەڵکی کەمپەکەوە قسەی کرد.
ئەحمەد نێروەهی باسی لە گرنگی و بەنرخی شەهیدان کرد و وتی: جەنگاوەرانی زۆرمان لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی لەدەستداوە. بێگومان هیچ وڵاتێک بەبێ قوربانیدان ئازاد نابێت. کورد ئەو گەلەیە زۆرترین خوێنی لە پێناو بەدەستهێنانی ئازادی داوە. چونکە دوژمنانی یەک و دووان نین. لە دژی داگیرکردنی کوردستان، هەزاران جەنگاوەری وەک یوسف گیانی خۆیان لە پێناو ئەو دۆزەدا بەخت کرد. یوسف ئەو سنوورەی قبوڵ نەکرد کە دوژمن داینابوو. بۆ لەناوبردنی ئەو سنوورە هەمیشە لە هەوڵدا بوو. هەڤاڵ یوسف هەڤاڵێکی بەنرخ بوو. هەرگیز شەهیدی خۆمان لەبیر ناکەین. لە کۆتایی هەموو تێکۆشانەکاندا ستەملێکراوان سەرکەوتوون، ئێمەش ستەملێکراوین و سەردەکەوین".
لای خۆیەوە بەیاز پیرۆسی، هاوسەری یوسف پیرۆسی بەخێرهاتنی خەڵکەکەی کرد و وتی: "ئەگەر لە ئێستاوە تا ساڵێکی تر باسی شەهیدان بکەین ناتوانین قەرەبووی ڕەنج و فیداکاریان بکەینەوە. سەرەخۆشی ئاراستەی گەلی کورد و کەمپی مەخمور دەکەم. ڕاستە ئازارەکانمان قورسە، بەڵام ئێمەش وەک هەڤاڵانمان شانازی پێوە دەکەین و سەربەرزین. ئەوەی ئێمە ئازار دەدات، خیانەتە".
مەراسیمەکە بە دروشمی "شەهید نامرن"، "بژی سەرۆک ئاپۆ" و "بمرێت خیانەت" کۆتایی هات.