لە مەخموور لە دژی گۆشەگیری مانگرتن لە ١١٥هەمین رۆژدایە

چالاکیی مانگرتنە لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد لە مەخموور لە ١١٥هەمین رۆژدایە.

لە کامپی پەنابەرانی شەهید رۆستەم جودی (مەخمور) مانگرتن بە پێشەنگایەتیی ئەنجوومەنی عەشتار لە دژی گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان رێبەری گەلی کورد ماوەى ١١٥ رۆژە بەڕێوەدەچێت و دەستەى ٥٨هەمینی مانگر درێژە بە چالاکییەکە دەدەن.

مەراسیمی وەرگرتن و درێژەدان بە چالاکییەکە لەلایەن دەستەى ٥٨هەمینەوە بە خولەکێک رێزگرتن لە شەهیدانی بزووتنەوەى ئازادیی کوردستان دەستیپێکرد. دوای رێزگرتنەکە جەمیلە کۆرکماز بە ناوی دەستەى ٥٧هەمی مانگرتووە وتەیەکی پێشکەشکرد.

کۆرکوماز وتی، "ئەم چالاکییەکەمان لەسەر بنەمای ئازادیی رێبەر ئاپۆیە. ئێمە تاوەکو دوا هەناسە بۆ ئامانجەکەمان تێدەکۆشین. ئێستا گۆشەگیرییەکی چڕ و قورس لەسەر هەموو گەلی کورد هەیە. بۆ ئەوەش پێویستە ئێمە ببین بە یەک و بە چالاکییەکانمان ئەو گۆشەگیرییەى سەر هەموو گەلی کوردستان تێکبشکێنین. بانگەوازم بۆ گەلی ئازادیخواز ئەوەیە، کە خاوەنداری لە رێبەر ئاپۆ، ئەندازیاری ئازادی و کلیلی ئاشتی بکەن".

مەراسیمەکە بە وتنەوەى دروشمەکانی "بژی سەرۆک ئاپۆ"، "بێ سەرۆک ژیان نابێت" و "بژی بەرخودانی زیندان" کۆتایی پێهات.

ژ.ت