لە مەراسیمێکدا لە کەرکوک یادی شەهیدانی کوردی فەیلی کرایەوە

لە چوارچێوەی یادکردنەوەی رۆژی شەهیدانی کوردانی فەیلی دوێنێ ئێوارە لە شاری کەرکوک یادی ئەو رۆژە بەرزڕاگیرا.

لە ساڵی ۱۹۲٤ یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی جەختی لە دابەشکردنی گەلی عێراقی کردەوە بۆ سێ بەش لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە، لەبەر ئەوەی کوردە فەیلیەکان رێبازی شیعە بوون، بە ڕەچەڵەک ئێرانی ناونووس کران، بۆیە ھەمیشە کەوتوونەتە بەر ھێرشی دەسەڵاتدارانی عێراق، لە دوای ھاتنی ڕژێمی بەعس بۆ سەر دەسەڵات و دەستبەسەرداگرتنی، لە ساڵی ۱۹٦۸ـەوە کوردە فەیلیەکان ڕووبەڕوی شاڵاوی توندی ڕاگواستن و لەناو بردن بوونەوە، لە سەرەتای ساڵانی (۱۹۷۰) ڕژێمی بەعسی پێشوو نزیکەی چل ھەزار کوردی فەیلی ڕاگوێزی ئێران کرد، بە بیانووی ئەوەی کە ڕەچەڵەکیان ئێرانییە، لە درێژایی ئەم سیاستە بەرامبەر بە کوردە فەیلیەکان، لەساڵی ۱۹۸۰ بەپێی بڕیاری ٦٦٦ مافی ھاوڵاتی بوونیان لێسەندرایەوە، ئینجا دەست گیرا بەسەر ماڵ و سامانەکەیانیان، ھێرشی زۆر توند و دڕندانە دەکرایە سەر کوردە فەیلیەکان، بە زەوتکردنی ژنان و کوشتنی پیاو و منداڵەکان، کە لە مێژوودا کەموێنە بووە.

 بەپێی ئامارەکانی خاچی سوور و مانگی سووری نێودەوڵەتی، ٤۰۰،۰۰۰ (چوارسەد هەزار) ھاوڵاتیی فەیلی بوونەتە قوربانیی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە کوژران و ڕاگواستنەوە، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، لە ساڵی ٢٠٠٦ یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی، بڕیاری (٦٦٦)ی ساڵی ۱۹۸۰ی پووچەڵ کردەوە. لەم چوارچێوەیەدا بەشێک لە کوردە فەیلیەکان توانییان مافەکانیان بەدەست بھێننەوە.

رۆژی ٦ی نیسان بە رۆژی شەهیدانی کوردی فەیلی ناسیندراوە.

ئێوارەی دوێنێ شەممە ٨ی نیسان، بە ئامادەبووانی کەسایەتیی پێکهاتە و بیروباوەرە جیاوازەکانی کەرکوک و لایەنە سیاسیەکانی شاری کەرکوک لەنێوانیشیاندا شاندێکی ئەنجوومەنی هەرێمی کەرکوکی تەڤگەری ئازادی و بەسەرپەرشتی هاوسەرۆکی کەرکوک ئامادەی مەڕاسیمەکە بوون، لە پارکی عەرەسە لە گەڕەکی مەیدانی فڕۆکەوانی (ساحة الطیران) یادی رۆژی شەهیدانی کوردی فەیلی کرایەوە، لە سەرەتای مەراسیمەکەدا سورتێک لە قورئان خوێندرایەوە پاشان سورەتی (الفاتحة) بۆ روحی شەهیدان خوێندرایەوە، دواتر هەمووان خولەکێک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی کوردانی فەیلی و تەواوی کوردستان وەستان.

وەفا هادی بەڕێوبەری نووسینگەی هەولێری بەرەی فەیلی، سەبارەت بە مەراسیمی یادکردنەوەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ئەم رۆژە ئازار بەخشە بەبیردێنیتەوە، کە رۆژی شەهیدانی کوردانی فەیلییە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی تەواوی شەهیدانی کوردی فەیلی و تەواوی کوردان دەکەین، کوردانی فەیلی لە چینی ستەملێکراون، کە تا ئیستا روفاتی شەهیدانمان نەگەڕاونەتەوە، داواش لە حکومەتی عێراق دەکەین، کە گۆڕە بە کۆمەڵکانی تایبەت بە شەهیدانی کوردی فەیلی بدۆزنەوە تا روفاتی شەهیدانم وەربگرینەوە".

ژ.ت