بە دیمەن

لە مێردین دانانی قەیوم شەرمەزار کرا

لە مێردین بە ڕێپێوانێکی جەماوەری دانانی قەیوم شەرمەزار کرا، پەیامدرا "چیتر کوردی جاران نین، گەل قەیوم و ئەم سیاسەتە قبووڵ ناکات".

لە مێردین چالاکی گەل دژی دانانی قەیوم لە ڕۆژی شەشەمدا بەردەوامە. ئەمڕۆش ڕێپێوانێکی جەماوەری ئەنجامدرا، پەرلەمانتارانی دەم پارتی و هاوسەرۆکانی شارەوانی مێردین ئەحمەد تورک و دەڤریم دەمیر، هاوسەرۆکی شارەوانی وان عەبدوڵا زەیدان و هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەکان و ئەندامانی پارت و ڕێکخراوەکان بەشداربوون. جەماوەر گۆرانیان چڕی و درووشمیان بەرزکردەوە.

هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین ئەحمەد تورک ڕایگەیاند دەیانەوێت گەلی کورد بێدەنگ و بێ ماف بکەن، گوتی: "ئێمە ئیتر کوردی جاران نین. کەس ناتوانێت گەلی کورد فریو بدات. کەس ناتوانێت ئیرادەی گەلی کورد بشکێنێت. گەلی کورد هەردەم بۆ ئاشتی و چارەسەر تێدەکۆشێت. ئێمە بەرگری لە یەکسانی گەلان و پێکەوەژیان دەکەین. ئەمە سێیەم جارە قەیوم لەسەر گەلی کوردستان دادەنێن. گەل قەیوم و سیاسەتی ئێوە قبووڵ ناکات".

هاوسەرۆکی شارەوانی مێردین دەڤریم دەمیر ڕایگەیاند قەیوم تاڵانی و دزیی و لەناوبردنی ئیرادەی گەلە، جەختی کردەوە پاشکەشە لە سیستەمی نەتەوەی دیموکراتیک ناکەن، گوتی: "دەست لە سیاسەتی داگیرکاری هەڵبگرن، تا ئێستە بەم سیاسەتە ئەنجامتان دەست نەکەوت، ئێستەش سودی بۆتان نابێت. تا کۆتایی بەرگری لە ئیرادەمان دەکەین و خاوەنداری لێ دەکەین. ئێرە زێدی ئێمەیە. سوپاسی تێکۆشانی ٦ ڕۆژەی گەل دەکەین و سڵاو دەنێرین بۆ تەواوی گەلەکەمان".

پاشان پەرلەمانتار بێریتان گونەش و هاوسەرۆکی شارەوانی ناوچەی ڕێزان سیراچ چەلیک و هاوسەرۆکی شارەوانی وان عەبدوڵا زەیدان قسەیان کرد و ناڕەزایەتیان دژی دانانی قەیوم دەربڕی.

پاشان چالاکی دانیشتن ئەنجامدرا.