لە ناوچە سنوورییەکان رۆژهەڵات ١٠ کۆڵبەری دیکە برینداربوون

لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران و تەقینەی مین لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا ١٠ کۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان برینداربوون.

بە پێی سەرەچاوەکانی هەواڵی رۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری رۆژی پێنج شەممە لە سنووری هەنگەژاڵی بانە دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری سەق بە ناوەکانی حەیدەر (پاشناوەکەی نەزانراوە) و ئیدریس خاکپور بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری دەوڵەتی ئێران برینداربوون و لەئێستادا هەردووکیان لە نەخۆشخانەی سەلاحەدین ئەیوبی شاری بانە لە ژێر چاودێری پزیشکیدان.

بەرەبەیانی رۆژی پێنج شەممە دوو کۆڵبەری خەڵکی شارەکانی پاوە و مەریوان لە ئەنجامی تەقینەوەی مین لە ناوچەی سنووری نەوسود برینداربوون.

بەگوێرەی هەواڵێکی کۆڵبەر نیوز محەمەد میرانی خەڵکی گوندی بانەوەرەی پاوە بەهۆی تەقینەوەی مینەوە قاچی بە سەختی برینداربووە و ئەبوبەکر رۆستەمیان خەڵکی مەریوانیش دەست و قۆڵی برینداربووە.

رۆژی چوارشەممە هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران لە ناوچەی سنووری نەوسود کۆڵبەرێکی خەڵکی سەلاسی باوەجانیان بە ناوی ئەفشین نەزەری ئەشکەنجە داوە و بەهۆیەوە دەموچاوی برینداربووە.

هەمان رۆژ لە ناوچەی سنووری نەوسود هێزەکانی دەوڵەتی ئێران تەقەیان لە کۆمەڵێک کۆڵبەر کرد و بەهۆیەوە کۆڵبەرێک بە ناوی عەتا حسێنی خەڵکی گوندی بلەبزانی پاوە فیشەک بەر سنگی کەوتووە و برینداربووە.

رۆژی چوارشەممە لە سنووری هەنگەژاڵی بانە کۆڵبەرێک بە ناوی مەهدی ئەنوەری تەمەن ٢٣ ساڵ خەڵکی سەقز بە تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێران بە سەختی برینداربووە.

رۆژی سێ شەممە لە سنووری هەنگەژاڵی بانە کۆڵبەرێک بە ناوی رەئوف قادری خەڵکی گوندی کەندەسورەی سەقز لە ئەنجامی دەستڕێژی گولـلەی هێزەکانی ئێران لە قاچیەوە برینداربووە.

رۆژی دووشەممەش لە هەمان ناوچەی سنووری دوو کۆڵبەری خەڵکی شاری بانە بە ناوەکانی فەخرەدین یوسفی و ئارش قەیسەریان لە ئەنجامی تەقەی هێزەکانی پاسەوانی سنووری ئێرانەوە برینداربوون.

بە گوێرەی ئامارەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە مانگی بەفرانباری ئەمساڵدا ٤ کۆڵبەر کوژراون و ٤١ کۆڵبەریش برینداربوون، لە مانگی رێبەندانیشدا ٥ کۆڵبەر ژیانیان لەدەستداوە و ٥٠ کۆڵبەریش برینداربوون.

ساڵی رابردوو زیاتر لە ٣٠ کۆڵبەر لە ناوچە جیاجیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژرابوون و لانیکەم ٢٧٠ کۆڵبەریش بریندارببوون، ئەمەش بەرزترین ژمارەی قوربانیبوونی کۆڵبەرانە لە ١٠ ساڵی رابردوودا.

هـ . ب