لە پرسەی نەژوان عەبدوڵا ناڕەزایەتی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک پیشاندرا

نەژوان عەبدوڵا لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەی بێ‌فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورک شەهید بوو، لە شارەزوور پرسەی بۆ دانرا. براکەی گوتی: "دەوڵەتی تورک باشوری کوردستان داگیر دەکات، کورد دەکوژێت، کەچی پارتە سیاسییەکانی باشور بێدەنگن".

دوێنێ دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوان لەسەر ڕێگەی دوکان_خەلەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ئۆتۆمبیلێکی مەدەنی کردە ئامانج. نەژوان عەبدوڵا لە هێرشەکەدا بریندار بوو، دوێنێ شەو لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆ لە مزگەوتی مەلا حەسەن لە ناوچەی شارەزوور پرسەی بۆ دانرا.

برای شەهید نەژوان، پێشەوا عەبدوڵا لە پرسەکەدا باسی لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کرد و گوتی: "هێرش و بۆمباران و داگیرکردن لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە ئەنجام دەدرێت، ئەمە کارەساتێکی مەزنە. دەوڵەتی تورک جیاوازی لەنێوان کوردان ناکات، لە هەرکوێیەک هەبن دەیانکاتە ئامانج و لەناویان دەبات، بەڵام بەداخەوە هەموو لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بەرامبەر ئەم هێرشانە بێدەنگن".  

پێشەوا باسی لە هەستەکانی کرد لە سەرەتای برینداربوون و شەهیدبوونی براکەی و گوتی: "دوێنێ تەلەفۆنیان بۆ کردین، چووینە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی، بینیمان براکەمان لە دوا ساتەکانی ژیانیدایە، ڕەوشی گەلێک سەخت بوو. پاشان شەهید بوو. پاشان ڕاستی ڕووداوەکەمان زانی کە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێ‌فڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکەوە بۆمباران کراون".

پێشەوا ڕایگەیاند، براکەی سڤیل بووە، کاری کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبیلی کردووە، گوتی: "هەمووان دەزانن هیچ شتێک بۆ دەوڵەتی تورک گرنگ نییە، تەنها کورد بیت، لەم بەشەی جیهانیشدا بیت دەتکاتە ئامانج و دەتکوژێت. شەهیدبوونی براکەم بەم جۆرە بوو. براکەم یەکەم و دوایین کەس نییە لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە شەهید بکرێت. چونکە دەوڵەتی تورک بەبێ وەستان خاکی باشووری کوردستان داگیر دەکات و بڕوامان وایە ئەم هێرشانەی دەوڵەتی تورک بەردەوام دەبێت. چونکە خاکی باشووری کوردستان ناپارێزرێت. لەگەڵ هەموو هێرش و داگیرکاری و بۆمباران و وێرانکردنەکان لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، کەچی لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان بێدەنگ و بێ هەڵوێستن".