لە پرسەی عەزیز کۆیلوئۆغڵودا ڕاگەیەندرا: دەوڵەتی تورک تاوانی شەڕی ئەنجامداوە

چیدەم کلچگون ئۆچار هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان لە مەراسیمی پرسەی ڕۆژنامەنووس عەزیز کۆیلوئۆغڵو کە لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە لە شاری ڕانیە کرایە ئامانج و شەهید کرا، ڕایگەیاند، دەوڵەت تاوانی شەڕی ئەنجامداوە.

لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥، دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێک لە شاری ڕانیە، سەربە پارێزگای سلێمانی، ڕۆژنامەنووس عەزیز کۆیلوئۆغڵوی تیرۆر کرد.

مەراسیمی پرسەکە لەلایەن راگەیاندنی ئازاد و بنەماڵەکەیەوە لە ناوچەی ڕێزانی ئامەد بەڕێوەچوو. لە ڕۆژی دووهەمی پرسەکەدا هاوسەرۆکانی پارتی هەرێمە دێموکراتیکەکان، چیدەم کلچگون ئۆچار و کەسکین بایندر، بەشداریی مەراسیمەکە بوون.

هەروەها، ڕێکخراوەکانی شارەکە و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان و پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان، بزووتنەوەی ژنانی ئازاد (تەژەئا)، کۆمەڵەی یەکێتی و کولتووری، هاوکاری و پشتیوانی ئەو بنەماڵانەی کەسوکاریان بێسەروشوێن کراوە، کۆمەڵەی پارێزەرانی ئازادی، هەروەها زۆرێک لە هاوڵاتیان، بەشدارییان لە مەراسیمەکەدا کرد.

هەروەها ئەندامانی بنەماڵەی گۆڵستان تارا کە لە ٢٣ی ئابی ٢٠٢٤ لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکدا شەهید کرا، سەردانی پرسەکەیان کرد.

پاش خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی شەهیدانی راگەیاندنی ئازاد، سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی شەهید کرا.

لە مەراسیمی پرسەکەدا چیدەم کلچگون ئۆچا، هاوسەرۆکی دەبەپە قسەی کرد و ڕایگەیاند، عەزیز کۆیلوئۆغڵو سەرەڕای هەموو زەحمەتییەکان، قەد لە ڕاگەیاندنی ڕاستییەکان نەکشایەوە و ئاماژەی بەوەشکرد ئەگەر بمانەوێت لەدوای کۆبوونەوەکان لەگەڵ بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان باسی سەردەمێکی نوێ بکەین، دەمەوێت باس لە ڕەوڵ و پێگەی ڕاگەیاندنی ئازاد بکەین لە گەیاندنی ڕاستیەکان."

چیدەم کلچگون ئۆچار لە میانەی قسەکانیدا وتی: "تیرۆر کردنی عەزیز کۆیلوئۆغڵو، نازم و جیهان، تاوانی شەڕە، ئێمە لەمە ئاگاداریین. گەلی کورد درێژە بە تێکۆشان و دانوستانەکانی خۆی دەدات. هەروەها بەردەوامین لە زیندوو ڕاگرتنی یادی هەموو ئەو هەڤاڵانەی کە هەڵگری ڕاستییەکان بوون."