لە قەڵای کەرکوک، ئاگری نەورۆز کرایەوە و پەیامی یەکڕیزی کورد درا

لەیادی ڕاپەرین و نەورۆز بە ئامادەبوونی دەیان هەزار کوردی شارەکە، حزبە کوردستانییەکانی کەرکوک جەخت لە یەككریزی نێو ماڵی كورد دەکەن لەپێناو سەركەوتنی دۆزی ڕەوای گەلی کورد.

کاتژمێر ٤:٣٠ی ئێوارەی ئەمرۆ، لە قەڵای شاری کەرکوک لە باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی نوێنەری حزب و لایەنە کوردستانییەکانی شارەکە، و دەیان هەزار هاووڵاتی کوردی شاری کەرکوک سەرجەم چین و توێژەکانەوە بەجۆش و خرۆشەوە بەشداری ئاهەنگەکەیان کرد و پێکەوە یادی ٣٢هەمین ساڵیادی ئازادکردنی شارەکە و یادی نەورۆزیان پیرۆز کرد ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای شارەکە کردەوە،.

جێگای باسە، لە ئەمساڵدا حزبە کوردستانییەکان لە شاری كەركوكی باشوری کوردستان هیچ ئاهەنگێكیان نەگێڕا، بەهۆی ئەوەی لە باكوور و رۆژئاوای کوردستان، بەهۆی كارەساتی سروشتی بومەلەرزەوە هەزاران مرۆڤ گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیكەش دەربەردر بوونە، و زیانێكی زۆری ماددی بەر ناوچەكانیان كەتووە ، هەروەها حزبە کوردستانییەکانی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان داوایان لە خودای گەورە کرد كۆچكردووان بە هەشتی بەرین شادبكات و سەبوری و ئارامیش بە كەسوكاریان و سەرجەم میلەتەكەمان بدات و  هیوای زووچاكبونەوەش بۆ بریندارەكان خواست.

لە مەڕاسیمی پیرۆزکردنی جەژنی نەورۆز و پیرۆزکردنی ٣٢هەمین ساڵیادی ئازدکردنی شاری کەرکوکی باشوری کوردستان لە ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلی باشوری کوردستان لە ساڵی ١٩٩١دا، بەیاننامەی حزب و لایەنە کوردستانییەکانی کەرکوک لەلایەن ڕەوەند مەلا مەحمود لێپرسراوی مەڵبەندی ٢ی یەکێتی نشتیمانی کوردستانەوە خوێندرایەوە، بەیننامەکە بەم شیوەیەی خوارەوە بوو:

"جەماوەری خوڕاگری كەركوک، جەژنی نەورۆز و ٣٢ هەمین ساڵرۆژی ئازادی كەركوك، لە ڕاپەرینە مەزنەكەی بەهاری ١٩٩١ و تان پیرۆزبێت.، بەناوی ئێوە و سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان، ئەم ڕۆژە مەزنە لە خۆمان و جەماوەری شاری كەركوك و سەرجەم نەتەوە و پێكهاتەكان پیرۆز دەكەین.

جەماوەری بەرێز و خۆشەویستی كەركوك...

لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا و هاوڵاتیانی ڕاپەریوی كەركوک و بەهاوكاری هێزەكانی پێشمەرگە گیان لەدەستەكان، توانیان كەركوكی كوردستانی رزگار بكەن و بەرگی كوردستانی بونی پێدا بپۆشنەوە، و رژێمی بەعسی گۆڕ بەگۆڕیش لە شارەكە وەدەربنێن و تاجی سەركەوتن لەسەر كەركوك بنێن.

دیارە ئەوی رۆژێ بەبەرنامەیەكی تۆكمە و داڕێژراو، تێكڕای شار و شارۆچكە و گوندەكانی كوردستان رزگاربكرێت.

ئەتونین بڵێین، راپەڕین یەكگرتووی و یەك وتاری حزبەكان و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، رێكخست وئەوەش لە پێناو یەك ئامانج، كە ئامانجەكەش رزگاركردنی تێكرای خاكی كوردستان بوو، بۆیە لێرەوە وەك حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانیەكان، جەخت لە یەككریزی  نێو ماڵی كوردی لە هەرێم و كەركوك و ناوچە دابڕێندراوەكان دەكەینەوە، كە مایەی سەركەوتنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمانە.

جەماوەری خەڵكی كەركوكی خۆڕاگر...

ئێمە وەكو حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی كەركوك، لە ئەمساڵدا بڕیارمانداوە، لە شاری كەركوك هیچ ئاهەنگێك نەگێرین، بەهۆی ئەوەی لە باكوور و رۆژئاوای نیشتمانەكەماندا، هەزاران مرۆڤ گیانیان لەدەستدا و هەزارانی دیكەش دەربەردر بوونە، و زیانێكی زۆری ماددی بەر ناوچەكانیان كەتوە، بەهۆی كارەساتی سروشتی بومەلەرزەوە.

لێرەوە داواكارین لە خودای گەورە كۆچكردوان بە هەشتی بەرین شادبكات و سەبوری و ئارامیش بە كەسوكاریان و سەجەم میلەتەكەمان بدات و  هیوای زووچاكبونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین.

جەماوەری بەشەرفی كەركوك...

ئێمە وەكو حزب و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكانی كەركوك، وێرای ئەوەی لە چەندین ساڵی رابردوو، باوەڕی تەواومان بە پێكەوەژیانێكی ئاشتیانە و مەدەنی و شارستانییانە هەبووە، لەگەڵ سەرجەم نەتەوە و پێكهاتە و مەزهەبەكانی شارەكە، ئێستاش بەهەمان روحیەتەوە و لەسەر هەمان مەبدەئی نەگۆڕی خۆمانین ، كە پێوستە كەركوك بۆ كەركوكییەكان بێت بەبێ جیاوازی، سەرەڕای رەخنە و تێبینییەكانمان، كە جیاوازی و گەندەڵیەكی زۆر لە بواری خزمەتگوزاری و لە نێوان گەڕەكەكاندا دەكرێت و كە ئەوەش جێگای قبوڵكردن نییە و نادپەروەرییەكی زۆر بە ئیداری ئێستای شارەكەوە دەبنێرێت.

لەم رۆژە مەزنە مێژووییە، رایدەگەیەنین، تاككڕەوی ئیداری و سیاسی سەری زۆر لە خۆسەپێنەكانی كردە زبڵدانی مێژوەوە، بۆیە بەو كەسانەی هەوڵی جیاكاری و سڕینەوەی لایەنەكان دەدەن، دەڵێین با دواجاربێت ئەم جیاكاری و بەلاخستنی داوكاریی خەڵی ڕەسەنی شارەكە.

لەكۆتاییدا، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدان راپەڕینە مەزنەكەی خەڵكی كوردستان و كەركوك، دائەنوێنین."

ف.ق