لە قەندیل بە مەراسیمێکی بە شکۆ یادی شەهیدی سەرکردە دیار غەریب کرایەوە

بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە هاوڕی هاوخەباتانی لە مەزاری شەهیدانی بناری قەندیل بە مەراسیمێکی بەشکۆ یادی شەهیدی سەرکردە دیار غەریب (هەڤاڵ هەڵمەت) و هەڤاڵان دەفرین و شاهین کرایەوە.

دوو ساڵ تێپەر دەبێت بەسەر شەهیدبوونی  شەهیدی سەرکردە دیار غەریب (هەڤاڵ هەڵمەت) ئەندامی کۆنسەی بەرێوەبەریی کەجەکە، دوێنێ لە مەراسیمێکی بە شکۆ بە ئامادەبوونی سەدان کەس لە هاوڕی و هاوخەباتانی  شەهید دیار غەریب و خانەوادەکەی لە مەزاری شەهید محەمەد قەرەسۆنگور یادی دوومین ساڵی ئەو شەهیدە پێشەنگە و هەڤاڵان  شاهین و دەڤرین کرایەوە. 

جەماوەری  بەشداربووی مەراسیمەکە بە ڕێپێوان لە شەقامی گشتی بناری قەندیل چون بۆ مەزاری شەهیدانی محەمەد قەرەسونگور و لە ڕێگادا درووشمەکانی (شەهید نامرن)، (هەڵمەت نامرێ) و ( بژی بەرخودانی گەریلا)یان دەگوتەوە. دوای گەیشتن بە مەزاری شەهیدان بە خولەکێک ڕاوەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستیان بە مەراسیمەکە کرد.

لە سەرەتادا بە ناوی ئەنجوومەنی گەلی بناری قەندیل  شنیار ڕەسوڵ قسەی کرد و وێڕای بەخێرهاتنی گەل بۆ مەراسیمەکە وتی: شەهید دیار غەریب پێشەنگی یەکێتیی نەتەوەیی بوو، گرنگییەکی یەکجار گەورەی هەبوو، وتیشی: "هەڤاڵی شەهید نزکترین کەس بوو بۆ گەلی بناری قەندیل و ڕۆڵی بەرچاوی هەبوو بۆ وشیارکردنەوەی گەل و پەروردەکردنیان لە سەر تێکۆشانی یەکێتیی نەتەوەی."

دواتر بە ناوی کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدانی پەکەکە لە باشووری کوردستان ئامانج  حەمە شەریف باوکی شەهید ڕوهیڤ بەیاننامەیەکی خوێندەوە و کەتیایدا هاتبوو: "لە  دووەم ساڵیادی شەهیدبوونی  هەرسێ هەڤاڵ دیار غەریب، شاهین و دەڤرەم هەموو شەهیدانی کوردستان بەبیر دەێنینەوە بە تایبەتی دیار غەریب (هەڤاڵ هەڵمەت) شەهیدی پێشەنگ، کە بناغە بیری هەڵمەتی ئازادی دامەزراند لە باشوری کوردستان، مێژووی کوردستانە پڕە لە داستان و ئەوەش بەشێکە لە مێژووی قارەمانەکان ئەو کاروانە بێ پسانەوە بەردەوامە لە هەر ئان و ساتێکدا مرۆڤە هێژا و قارەمانەکان ڕۆڵی خۆیان تیادا بینیوە و هەڤاڵ هەڵـمەت یەکێک بوو لە مرۆڤە ‌هێژاکان، کە خاوەنی ڕۆڵی گرینگ بوو لە تێکۆشاندا".

هاوکات بە ناوی خانەوادەی شەهید خوشکی شەهید هەڵمەت، لانە هەڵمەت قسەی کرد و وتی:" ئێمە وەک خانەوادەی شەهید شانازی بە خەبات و تێکۆشانی بێ وچانی هەڤاڵ هەڵـمەت دەکەین، هەموو کەس ئەو ڕاستییە باش دەزانێت، کە هەڤاڵ هەڵمەت لە تەمەنێکی کەمی لاوێتی لەسەر ڕێبازێکی ڕاستەقینە دەستی بە خەبات و تێکۆشان کردووە، ئێمە وەک خانەوادەی شەهید هەڵمەت لە دووەم ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەتدا پەیمانی خۆمان دووپاتدەکەینەوە، کە لەسەر ڕێبازی هەڤاڵ درێژە بە خەبات دەدەین بەردەوام دەبین."

هەروەها بانو هەڵەبجەیی بە ناوی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان بەیاننامەیەکی خوێندەوە، کە لە بەشێکی بەیاننامەکە هاتبوو: "بە ڕووحی شەهید هەڵمەت بەرەنگاریی هەموو داگیرکارییەکان دەبینەوە، لە دووەمین ساڵیادی شەهیدبوونی هەڤاڵ هەڵمەتدا سەری ڕیز و نەوازش لە بەردەم گیانی پاکی هەڤاڵ هەڵـمەت و تەواوی شەهیدانی ڕێگای ئازادی دادەنەوێنین، بە ڕوحی بەرخودێری و هەڵمەتبەری و شۆڕشگێڕیی هەڤاڵ هەڵمەت بەرەنگاری هەموو جۆرە هێرشێکی داگیرکاری دەبینەوە وەک ژنان دەبینە قەڵغان لە بەردەم هەموو داگیرکاری و کۆمەڵکوژییەکانی لەسەر ژنان."

هاوکات کارا محەمەد ڕاگەیاندراوی دەستەی سەرۆکایەتیی کەجەکەی بۆ دووەمین ساڵیادی شەهید هەڵـمەت، دوران و شاهین  خوێندەوە، کە لە بەشێکی ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو: "ئێمە لە دووەمین ساڵیادی شەهیدبوونی دیار غەریب ڕۆڵەی قارەمانی باشووری کوردستان، کادری پێشەنگی پارتەکەمان، لە هەمانکاتدا ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی گشتی کەجەکە و هاوڕێی بەنرخ و هاوڕێکانمان شەهید و دەڤران کە لەگەڵی شەهید بوون، بە خۆشەویستی و رێزەوە یادیان دەکەینەوە. لەبەرانبەر حەسرەت و تامەزرۆیی پیرۆزیان بەرێزەوە سەرمان دادەنەوێنین. لە کەسایەتی ئەو هاوڕێ بەنرخانەماندا، یادی هەموو شەهیدانی قاڕەمانمان دەکەینەوە و بەڵێنی وابەستەبوونمان بە رێبازەکەیان دووپات دەکەیەنەوە. کوردستانی ئازادی دیموکرات کە لەپێناویدا شەهید بوون، ئامانج و خەیاڵەکانیان بۆ ژیانی ئازاد، کۆمەڵگای ئازاد و مرۆڤی ئازاد کە بە نیوەچڵی بەجێیان هێشت، رێبازی ئێمە دەبێت و بەو هۆییەوە تێکۆشان گەورە دەکەین و بڕیارمان بۆ گەیشتن بە سەرکەوتن لە هەموو کاتێک گەورەترە".

 لە درێژەی پێشکەشکردنی وتەکاندا هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی محەمەد عەبدوڵا قسەی کرد و ناوبراویش جەختی لە تێکۆشانی بێ وچانی شەهید هەڵمەت کردەوە لە باشوری کوردستان و گرنگیی ئەو شەهیدە پێشەنگەی هێنایە زمان لە خەبات لە دژی هێڵی نۆکەری.

هەروەها مامۆستای ئاینی ئیسماعیل توسورانی قسەی کرد وتی: "هەڤاڵ هەڵـمەت وێڕای ئەوەی دەسەڵاتێكی باڵای هەبوو، سەرکردەیەکی گەورەی مەیدانی بوو، بەڵام مرۆڤێکی خاکی بوو لەگەڵ گەل زۆر تێکەڵ بوو، هیچ کات دەسەڵات و هێزی خۆی خراپ بەکار نەهێنا، بەڵکوو تاوەکو کۆتایی ژیانی خزمەتی گەلی کرد".

ژ.ت