لە قەندیل ئاگری نەورۆز گەش کرا

دوو رۆژ ماوە بۆ نەورۆز بەڵام لە ئێستاوە هاوڵاتیان ڕوویان لە بناری قەندیل کردوە و ئاگری نەورۆزیان گەش کرد.

بە دەیان هاوڵاتی لە شارە جیاوازەکانی باشووری کوردستان لە ئێستاوە ڕوویان لە بناری قەندیل کردوە بۆ ئاهەنگی پێرۆزبایی نەورۆز و شەوی رابردو لە دەوری یەک کۆبوونەوە و ئاگری نەورۆزیان گەش کرد. بە ئاهەنگ و دیلان تا درەنگانێکی شەو نەورۆزیان پیرۆزکرد.

هاوکات هاوڵاتیان دەڵێن، سەرکەوتنی گەریلا لە چیای گارە کاریگەریی لە هەر چوار پارچەی کوردستان دروستکردووە و لەبەر ئەوەشە ئێمە پێشوەختە ڕوومان کردووەتە قەندیل بۆ ئەوەی لەگەڵ گەریلا نەورۆز پیرۆز بکەین.

ئاندامی کۆمیتەی ئامادەکاری گشتی ئاهەنگی نەورۆزی قەندیل شیلان شاکر وتی: لە ئێستادا بە دەیان هاوڵاتی ڕوویان کردووەتە بناری قەندیل و بە جۆش و خرۆشێکی گەورەوە نەورۆز پیرۆز دەکەن.

ناوبراو وتیشی: ئێمە وەک کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆز لە ٪٩٥ کارەکانی ئاهەنگی نەورۆزمان تەواو کردووە و ئامادەیەن بۆ پێشوازی لە هاووڵاتییان، ئاماژەی بەوەشکرد: "نەورۆزی ئەمساڵ بە ڕوحی سەرکەوتنی گەریلا لە گارە بەرێوەدەچێت، ئێمە سڵاو لە ڕوحی شەهیدانی گەریلا دەکەین، هاوکات سڵاو لە تێکۆشانی گەلەکەمان دەکەین، کە ئێستا لەسەر پێیە بۆ زانینی دۆخی تەندروستیی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان.

لە کۆتای قسەکانیشیدا وتی: ئێمە وەک کۆمیتەی ئامادەکار بانگەواز لە هەموو لایەنە سیاسییەکان و گەلی کورد دەکەین بەبێ جیاوازی بێن لە ئاهەنگی بناری قەندیل دا بەشداری بکەن بۆ ئەوەی نەورۆز بکەینە نەورۆزی یەکێتیی نەتەوەی و یەک گرتن.

ژ.ت