لە قەندیل ئامادەکارییەکانی نەورۆز دەستی پێ کرد

لە بناری قەندیل ئامادەکارییەکانی نەورۆز دەستیان پێ کرد و بانگەوازکرا بۆ بەشداربوون.

بڕیار وایە جەژنی نەورۆزی ئەمساڵ لە بناری قەندیل بە درووشمی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەر ۆ پرسی کورد" بە بەشداری هەزاران کەس بەڕێوە بچێت. لە ئێستەوە دەست بە ئامادەکردنی گۆڕەپانی نەورۆز کراوە. کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆزی قەندیل بە ڕاگەیاندراوێک بانگەوازی کرد بۆ بەشداربوون لە نەورۆزی قەندیل.

لەسەر ناوی کۆمیتەی ئامادەکاری نەورۆز ئامینە محەمەد ڕاگەیاندراوی خوێندەوە، تێیدا ڕاگەیاندرا ئاهەنگی نەورۆزی ئەمساڵ لە قەندیل لە ڕۆژی ٢١ ی ئادار لە کاتژمێر ١٢:٠٠ دەست پێ دەکات. ئامینە گوتی: "گەلی ئێمەی هێژا، نەورۆزی ئەمساڵ لە مانگی ڕەمەزانی پیرۆزدا، پیرۆز دەکرێت، هەردوو ڕۆژی پیرۆز بە یەکەوە زۆر واتادارترە، وەرن بەرامبەر بە دوژمنان هەڵوێستی خۆمان دیاری بکەین و بەیەکەوە بانگی سەرکەوتن بدەین، بڵێین لەبەرامبەر ئێوەدا سەر دانانەوێنین."

ئامینە محەمەد ڕایگەیاند بە پێشەنگایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان و تەڤگەری ئازادیخوازی گەلانی هەرێمەکە نەورۆز پیرۆز دەکەن و گوتی: "مەشخەڵی نەورۆزێک کە ٢٧٢٤ ساڵە نەکوژاوەتەوە و ڕێگامان ڕووناک دەکاتەوە و ڕێگامان پیشان دەدات، گەلی وڵاتپارێز مەشخەڵی نەورۆز ئێستا لە هەموو چیاکانی کوردستان هەڵکراوە لە سەر چیای زاپ، مەتینا و ئاڤاشین، لە دەستی گەریلادایە لە چیاکانی زاگرۆس، ئەو مەشخەڵە ئێستا لە چیای قەندیلی پیرۆزە، وەرن پێکەوە ئەو ئاگری نەورۆزە گەش بکەین، لەم مانگە پیرۆزەدا جەژنی هەرەکۆنی نەتەوەییمان بە جۆشەوە پیرۆزبکەین و بانگی ئازادیی سەرۆک ئاپۆ بدەین."