لە قۆسەر "گردبوونەوەی کشتوکاڵ" ئەنجامدرا

هاوسەرۆکی دەم پارتی تونجەر باقرخان لە "گردبوونەوەی چاندن" گوتی: "ئەم دەسەڵاتە دەیەوێت جووتیار و خەڵکەکەمان برسی و هەژار بهێڵێتەوە. ئێمە دژی ئەم دەسەڵاتەی دەیەوێت بە هەژار بتانهێڵێتەوە، تێکۆشانمان فراوان و مەزن دەکەین".

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لە ناوچەی قۆسەری مێردین لە چوارچێوەی کەمپەینی "نان و دادپەروەری" دا، "گردبوونەوەی کشتوکاڵ"ـی ئەنجامدا. ئاڵای دەم پارتی بەرزکرایەوە و ئامادەبووان هەڵپەڕکێیان کرد.

لە چالاکییەکەدا لافیتە و پانکارت هەڵگیرا، خولەکێک ڕێزگرتن بۆ گیانبەختکردووانی تێکۆشانی ئازادی پیشاندرا و درووشمی "شەهید نامرن" و "بژی سەرۆک ئاپۆ" بەرزکرایەوە.

"حساب بۆ ڕەنجی ئێمە نەکرا"

لەسەر ناوی ژنانی جووتیار شوکران ئاکتاش ڕایگەیاند خاوەنداری لە ماندووبوونی جووتیاران دەکەن، گوتی: "ڕۆژانە ١٣-١٤ کاتژمێر کارەبا دەبڕن. ئەمە ٢٠ ساڵە بەم دەردەوە دەناڵێنین. هەردەم باسی یەکسانی دەکەن، بەڵام لەم هەرێمە یەکسانی نیە. بەهۆی بڕینی کارەباوە حساب بۆ ڕەنجی ئێمە ناکرێت".

"ئێوە دزت ڕاستەقینەن"

سەرۆکی کۆمەڵەی جووتیارانی قۆسەر میکایل ئەربەی ڕایگەیاند دەوڵەت و دەسەڵات هیچی بۆ جووتیاران نەکردووە، گوتی:" ئیتر DEDAŞ جووتیارانی ئێمەی بێزار کردووە، جووتیاران بە پارەی خۆیان محاویلەکان دەکڕن، بەڵام DEDAŞ ڕەتی دەکاتەوە و بۆ خۆی دەبات، بە ئێمە دەڵێن دز. بەڵام ئەوان دزی ڕاستەقینەن. ڕەنجی گەل دەدزن. ئەمە کێشەی هەموو تورکیایە. لە حەقی خۆمان خۆش نابین".

پاشان هاسەرۆکی گشتی دەم پارتی تونجەر باقرخان قسەی کرد، ئاماژەی بەوە کرد، دیموکراسی و ئازادی و ئاشتی بوونی نییە، زمان و چاندی کوردی قەدەغەیە و دوژمنایەتی کورد دەکرێت.

هۆکاری کێشەکانی گەڕاندەوە بۆ دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە و گوتی: "نان و ڕەنجی ئێمە دەدزن و خۆیان لەسەر ڕەنجی ئێمە دەوڵەمەند دەکەن. بۆچی دەڵێین نان و دادپەروەری، چونکە خەڵکی ئێمەیان هەژار کرد و پێوستیان بە نانە. چونکە دادپەروەری لەم وڵاتە نییە. هەمووان بەدوای دادپەوەری دەگەڕێن. بەڵێ، ئەوان دوژمنی نان و ڕەنجی ئێمەن".

هەروەها باقرخان گوتی: "دەیانەوێت جووتیار و خەڵکەکەمان برسی و هەژار بهێڵێتەوە. ئێمە دژی ئەم دەسەڵاتەی دەیەوێت بە هەژار بتانهێڵێتەوە، تێکۆشانمان فراوان و مەزن دەکەین".

باقرخان جەختی کردەوە بەبێ چارەسەری پرسی کورد کێشەی جووتیارانیش چارەسەر نابێت، گوتی: "خاوەندارێتی لە نان و ڕەنجی ئێوە دەکەین و دەڵێن نا بۆ شەڕ و پێکدادان. ئێمە بەرامبەر ئەم زیهنیەتەی حساب بۆ کوردان ناکات و بۆ مردن بەجێیان دەهێڵێت دەڵێین نا، دژی تێدەکۆشین".

هەروەها جەختی کردەوە ئێستە DEDAŞ بۆتە زوحاکی سەردەم، پێویستە گەلی مێردین لە تیرۆری DEDAŞ ڕزگار بکرێت، گوتی: "دژی تیرۆری DEDAŞ و شەڕی دەسەڵات، بێجگە لە بەرخۆدان ڕێگەیەکی تر نیە".