لە رۆژهەڵاتی کوردستان ژمارەی ئەو کەسانەی لەلایەن هێزەکانی رژێمێ ئیرانەوە شەهیدکراون گەیشتە ١٤ کەس

ناڕەزایی گشتی لە دژی کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزەکانی رژێمێ ئێرانەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەردەوامە. تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان راپۆرتێکی لەبارەی ژمارەی شەهیدکردنی هاوڵاتیان بڵاوکردەوە.

بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان، لە کاتی ناڕەزایەتییەکانی دژ بە کوژرانی ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵدا، لانیکەم ١٢ هاوڵاتی بە ناوەکانی موحسین محەمەدی، ڕەزا لوتفی، فەواد قەدیمی، فەرجاد دەروێشی، زەکەریا خەیاڵ، فەرەیدوون مەحمودی، مینۆ مەجیدی، سەدرەدین لیتانی، دانش راهنەما، میلان حەقیقی، ئەمین مەعرێفەت و عەبدوڵڵا مەحمودپوور لە شارەکانی ورمێ، شنۆ، پیرانشار، دیواندەرە، سەقز، دێولان و کرماشان بە تەقەی هێزەکانی رژێمی ئێران شەهید کران کە لە نێوانیاندا دوو منداڵی تەمەن ١٦ ساڵ بە ناوەکانی ئەمین مەعرێفەت و زەکەریا خەیاڵ هەن.

هه‌روه‌ها ئه‌و ڕاپۆرتانه‌ی له‌ شاره‌کانی ئیسلام ئاباد و ئیلامه‌وه‌ گه‌یشتوون ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ له‌ کاتی خۆپیشاندانه‌کانی شه‌وی ڕابردوودا لانیکەم دوو خۆپیشانده‌ر کوژراون، به‌ڵام به‌ هۆی پچڕانی ئینته‌رنێت و که‌شی سه‌ربازی و ئه‌منی، تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ‌ تا ئێستا نەیتوانیوە دەستی بە سەرچاوەی متمانەپێکراو بگات.

ئەم ناوەندەی مافی مرۆڤە دەشڵێت: لە ئەنجامی قسەکردن لەگەڵ زیاتر لە ١٠٠ شایەتحاڵ لە شارەکانی ورمێ، شنۆ، سەلماس، سەردەشت، پیرانشار، نەقدە، بوکان، تەکاب، سەقز، دیواندەرە، بیجار، قوروە، بانە، مەریوان، کامیاران، دیۆلان، کرماشان، ئیسلام ئابادی غەرب، ئیوانغەرب، ئابدانان و پاوە، لانیکەم ٣٧٥ هاوڵاتی بە تەقەی هێزەکانی ئینتزامی و بەسیج بریندار بوون. لە نێو بریندارەکاندا لانیکەم ١٣ منداڵ هەن.

بە وتەی شایەتحاڵان، دەیان کەس کە لەم خۆپیشاندانانەدا بریندار بوون، لە ترسی ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیر نەکرێن، ئامادە نەبوون بچنە ناوەندە پزیشکییەکان.

بەپێی راپۆرتی ئەم ناوەندە، لە ماوەی ٥ رۆژی رابردوودا لانیکەم ٥٣٠ خۆپیشاندەر کە لە نێویاندا لانیکەم ١٥٠ کەسیان بریندارن، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراون و گواستراونەتەوە بۆ ناوەندەکانی دەستبەسەرکردنی پۆلیسی ئاسایش و ئیدارەی ئیتلاعات و بەسیج.

ف.ق