لە شاری سلێمانی کۆڕێک سەبارەت بە دەستوور و ڕێککردنەوەی باڵانس ئەنجامدرا
لە شاری سلێمانی ڕێکخراوی پەیڕەوانی یاسا بۆ پەرەپێدان، کۆڕێکی سەبارەت بە "دەستوور و ڕێکخستنەوەی باڵانس" بۆ دکتۆر موحسین ئەدیب ئەنجامدا.
لە شاری سلێمانی ڕێکخراوی پەیڕەوانی یاسا بۆ پەرەپێدان، کۆڕێکی سەبارەت بە "دەستوور و ڕێکخستنەوەی باڵانس" بۆ دکتۆر موحسین ئەدیب ئەنجامدا.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی خاک، لە شاری سلێمانی، سەبارەت بە پرسی "دەستوور و ڕێککردنەوەی باڵانس" بە ئامادەبوونی زۆرێک لە ڕۆشنبیر و چالاکوان و یاساناسان و میدیاکاران، ڕێکخراوی پەیڕەوانی یاسا بۆ پەرەپێدان کۆڕێکی بۆ دکتۆر موحسین ئەدیب ئەنجامدا.
سەرەتای کۆڕەکە بە بەخێرهاتنی ئامادەبووان و پێشکەشکردنی وتارێکی پڕ زانیاریی سەبارەت بە ئەرک و بەرپرسیارێتی ڕێکخراوەکە و دکتۆر موحسین حەسەن بارام، ناسراو بە موحسین ئەدیب لەلایەن شنۆ حەسەن، ئەندامی دەستەی ڕێکخەرانی ڕێکخراوەکە دەستی پێکرد و ئاماژە بەوە درا کە دکتۆر موحسین لە چەندین ڕۆژنامە و میدیادا ئەرکی میدیایی بەجێهێناوە و چەندین ئەرکی ڕێکخراوەیی و بەڕێوبردنی شوێنە ڕۆشنبیرییەکانی بەجێهێناوە.
دواتر دکتۆر موحسین ئەدیب باسی لەوە کرد کە دەستووری هەمیشەیی گرنگە و وتیشی: "دەستوور شتێکە دەبێت درێژ مەودابێت و بە سەر هەموواندا جێبەجێ بکرێت و سابت بێت لەسەر هەمووان بەبێ جیاوازی، ڕەنگە بکرێت بە پێی سەردەم قابیلی ئەوە بێت کە هەموار بکرێتەوە، ئێمە لە دۆخێکداین کە دۆخی نا سیستەمییە و ئەمەش خراپترین جۆری سیستمە و دۆخێکی نادیارە."
ئەو باسی لەوە کرد کە دوو جۆر لە دەسەڵات هەن کە حەزیان بەوە نییە کە دەستوور بوونی هەبێ و لەقاڵبیان بدا و درێژەی بەم بابەتەدا و وتی: "ئەم نوخبەی دەسەڵاتە، یان ئەوەتا حەز ناکەن دەستوور هەبێت و دەیانەوێت هەروا خۆیان بەڕێوەبچن، یان ئەوەتا، نوخبەیەکی دەسەڵاتن کە دەیانەوێت دەستور بەدەست خۆیانەوە بێت و هەرگیز نایانەوێت دەستوور درێژمەودا بێت."
ئەو باسی لە مێژووی دەستووریش کرد و وتی دەکرێ سەرەتاکانی بگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٢١٥ زاینی، لەو کاتەی خەڵک لە دژی پاشا وەستانەوە بە مومارەسەیەکی جیاواز و وتیشی: "دەستوور وا دەکات ماف و ئازادی تاک لەبەرامبەر دەوڵەتدا بپارێزرێت، و دەسەڵات کۆنتڕۆڵ دەکات، تا نەتوانێ بە ئارەزووی خۆی پێشێلکاری و ستەم بەرامبەر بە خەڵک جێبەجێ بکات."
هەوەها ئاماژەشی بەوەدا کە دەستوور ئەرکی ئەوە نییە کە لار و خێچی دەسەڵات بشەرعێنێت، بەڵکو ئەرکی ئەوەیە لەبەرەی خەڵک بێت و پشتگیری ماف و ئازادییەکانی کۆمەڵگا بکات و وتیشی: "لێکۆڵینەوە و ناساندن و پێناسەی دەستوور و نوسینەوەی دەستوور، زۆر گرنگە بۆ قۆناغەکانی دوای هەڵبژاردن و چوونە قۆناغێکی نوێی هەرێمی کوردستان."
لە کۆتاییدا باسی لەوەکرد کە: "ڕێککردنەوەی باڵانس لە دەستووردا بە نمونە، پاراستنی مافی ڕۆژنامەنووسانە بەرامبەر بە دەسەڵاتدار و چەکبەدەستان، ئەمەیە ڕێکخستنی دەستوور و پاراستنی باڵانسی مافی هاوڵاتی بەرامبەر بە دەسەڵاتدار."