لە شڕناخ و ئەرزوم بە لایەنی کەمەوە ٦ کەس دەستبەسەرکران

لە ناوچەی هەزەخی شڕناخ و ئەرزروم لە ئۆپراسیۆنی هەڵکوتانە سەرماڵاندا چەکدارانی دەوڵەتی تورک بەلایەنی کەمەوە ٦ کەسیان دەستبەسەرکرد.

لە ئۆپراسیۆنی هەڵکوتانە سەرماڵاندا ٤ کەس لە گوندی حەسپیستی ناوچەی هەزەخی شڕناخ دەستبەسەرکران. زانراوە ئەو ٤ کەسەی لەلایەن هێزە چەکدارییەکانی دەوڵەتی تورکەوە ڕەوانەی فەرماندەی جەندرمەی هەزەخ کراون.

بە هەمان شێوە لە ئۆپراسیۆنی هەڵکوتانە سەرماڵاندا لە ئەرزڕوم، ڕەمەزان کارەکاش هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە)ی ئەرزڕوم و چەتین دەمیری هاوسەرۆکی پێشوی پارتی دیموکراتیکی گەلان (هەدەپە)ی قەرەیازی دەستبەسەرکراون و پێشبینی دەکرێت لە چوارچێوەی ئەو لێپرسینەوەی بە فەرمانی دواکاری گشتی کۆماری ئاگرێ دەستپێکراوە، دەستگیرکراون ببرێنە ئاگرێ.

سەبارەت بە هۆکاری دەستبەسەرکردنیان هیچ زانیارییەک بەدەست نەهێنراوە.