لە شەنگال گرفت بۆ دەنگدانی هاووڵاتییان دروست دەکرێت
لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی گشتیی عێراقدا لە شەنگال ئەم بەیانییە پرۆسەى دەنگدان دەستیپێکرد، بەڵام بە پاساوی کێشەى تەکنیکی دەنگدان لە زۆربەى بنکەکانی دەنگدان راگیراوە.
لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی گشتیی عێراقدا لە شەنگال ئەم بەیانییە پرۆسەى دەنگدان دەستیپێکرد، بەڵام بە پاساوی کێشەى تەکنیکی دەنگدان لە زۆربەى بنکەکانی دەنگدان راگیراوە.
دەنگدان لە شەنگال لە کاتژمێر ٠٧:٠٠ بە کاتی ناوخۆیی دەستیپێکرد. دەنگدان لە شەنگال بۆ ٦٨ هەزار دەنگدەر لە لە ٥٢ بنکەی و لە ٤٢٧ سندوقدا بەڕێوەدەچێت. داوا لە هەر ٦٨ هەزار دەنگدەرەکە کراوە، دەنگی خۆیان بەکار بهێنن.
دەنگدەرانی شەنگالی بە هەستیارییەوە ڕوویان لە بنکەکانی دەنگدان کرد، بەڵام لە زۆربەی ناوچەکاندا ئاستەنگ و گرفت بۆ دەنگدانی دەنگدەران دروستکراوە.
دەنگدان لە زۆربەی بنکەکانی دەنگدان بە پاساوی کێشەى تەکنیکی ڕاگیراوە. بەپێی زانیارییەکان دەنگدان لە ٢١ بنکەی دەنگدان ڕاگیراوە.
هەروەها ڕاگەیەندراوە، ئەو کەسانەی دەیانەوێت دەنگ بە شێخ سەمیر کاندیدی پارتی ئازادی و دیموکراسی ئێزدییەکان (پادێ) بدەن رێگرییان لێکراوە و تا ئێستا نەیانتوانیوە دەنگەکانیان بەکار بهێنن.
هاوکات لەگەڵ ئەو رێگرییەشدا کارتی دەنگدان بۆ ژمارەیەکی زۆر لە دەنگدەرانی شەنگالی نەگەڕێندراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان لە خانەسۆر، چەند کەسێکی نەناسراو گوشار لە دەنگدەران دەکەن بۆ ئەوەی دەنگ بە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) بدەن.
ئەوە لە کاتێکدایە پەدەکە لە فەرمانی ٢٠١٤ دا گەلی ئێزدیی رادەستی چەتەکانی داعش کرد و تا ئێستا گەلی شەنگال بە هەموو شێوەیەک لە دژی ئەو خیانەتەى پەدەکە وەستاونەتەوە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە دروستکردنی گرفت لە ئامێرەکانی دەنگداندا بۆ ئەوە بێت، کە گەلی شەنگال نەتوانن نوێنەرە راستەقینەکانی خۆیان هەڵبژێرێن.
ژ.ت