لە سلێمانی چلەی شەهیدان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بەڕێوەچوو
لە سلێمانی چلەی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بەڕێوەچوو، لە مەراسیمەکەدا جەختکرایەوە لەسەر درێژەدان بە ڕێبازەکەیان.
لە سلێمانی چلەی شەهیدانی ڕاگەیاندنی ئازاد گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بەڕێوەچوو، لە مەراسیمەکەدا جەختکرایەوە لەسەر درێژەدان بە ڕێبازەکەیان.
ئەمڕۆ لە نووسینگەی کۆمپانیای چەتر لە شاری سلێمانی، بە بەشداری ژمارەیەک بەرچاو لە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و کەسوکار و هاوڕێیانی هەردوو شەهید، چلەی شەهیدان گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین بەڕێوەچوو، کە لە هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە سەیدسادق شەهیدبوون.
پاش خولەکێک ڕێزگرتن بۆ یادی شەهیدان، ڕاگەیاندراوی ژنانی ڕاگەیاندنی ئازاد لەلایەن هاوڕێ و هاوکاری هەردوو شەهید، شۆخان میرزا خوێنرایەوە، تێیدا هاتبوو: "شەهید گوڵستان وهێرۆ شەهیدی ڕێگەی حەقیقەتن، ڕاگەیاندنی ئازاد خاوەندارێتی لە ڕێگا و ڕێبازیان دەکات".
شۆخان گوتی: "ئێمەی ژنان یادی هێرۆ لە خۆماندا دەژێنینەوە، وەک ژنانی ڕاگەیاندنی ئازاد پێداگری دەکەین لە دەنگی حەقیقەت، پێویستیشە یەکێتییەکی ژنانی هاوبەش بۆ پاراستنی ژنانی ڕاگەیاندن دابمەزرێنین".
دواتر پەیامی بنەماڵەی شەهید هێرۆ لەلایەن دایکی شەهید خوێنرایەوە، گوتی: "خودا حەقی ڕۆڵەکەم بسێنێتەوە و ڕژێمی تورکیا لە ناوبەرێت، ئەردۆغان ڕۆڵەیەکی کوردی موسڵمانی شەهید کرد".
هەوەها لێدوانی بنەماڵەی شەهید گوڵستان تارا، لە ڕێگای ڤیدیۆیەکەوە بە داتاشۆ پێشکەش بە ئامادەبوان کرا.
هەر لە مەڕاسیمەکەدا بەڵگەفیلمێک لەسەر ژیان و تێکۆشان و تەمەنی ڕۆژنامەوانیی هەردوو شەهید نمایش کرا.
پەیامی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان لەلایەن هانا شوانەوە خوێنرایەوە، گوتی: "سەندیکای ڕۆژنامەنووسان بەرپرسیارانە دەنگی ناڕەزایی خۆی لە ئاست ئەم ناحەقییە گەورەیەی دەکرێت بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بە گشتی و ڕۆژنامەنووسانی ژن بەتایبەتی دەگەیەنێتە هەموو لایەک، گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین دوو ناون کە بە هەمیشە لەلای ئێمە بە زیندوویەتی دەمێننەوە".
پاشان بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ، دیاری محەمەد گوتی: "ئەمە تاوانی جەنگە سوپای تورکیا ئەنجامی دەدات لە ٣٠ ساڵی ڕابردوو، سەدان هاوڵاتی مەدەنی کراونەتە ئامانج، لەوەش داخ گرانتر ئەوەیە هەموو ئەوانە کاتێک شەهید دەکرێن وەک قوربانی هاتووچۆ ناسراون، دۆخی ئازادیی ڕۆژنامەنووسی لە پاشەکشەدایە، پەیامی من بۆ هێزی داگیرکەر ئەوەیە ناتوانن ئەم خەباتە پەک بخەن".
نووسەر و سیاسەتمەدار محەمەد ئەمین پێنجوێنی و مامۆستای ئایینی مەلا نادر و چەندین ڕێکخراو و لایەن وتاریان پێشکەش کرد.
مەراسیمەکە بە چەند پارچە مۆسیقایەکی هونەرمەند سەید میهرداد موشەعشەعی کۆتایی هات.