لە سلێمانی، خۆپیشاندان دژی داگیرکەری تورکیا بەڕێوەچوو

بە بەشداری هەزاران هاوڵاتی شاری سلێمانی، خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو بۆ ئیدانەکردنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان.

کەمێک پێش ئێستا، خۆپیشاندانێکی مەزن لە شەقامی سالم و ناوەندی شاری سلێمانی ئەنجامدرا دژی هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

ئاژانسی ڕۆژ نیوز ڕایگەیاند، بەشێک لە کەسایەتی و چالاکوانانی شاری سلێمانی بانگەوازیان کردبوو بۆ بەشداری لە خۆپیشاندانێکی مەزن دژی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر فڕۆکەخانەی سلێمانی.

خۆپیشاندەران بە یەک دەنگ دەیانگوت: «کوردی هەر چوارپاچە یەکن»، لەگەڵ بەرزکردنەوەی درووشمی «ئەم هێرشە قبووڵ ناکەین» و «ئەردۆگان تیرۆریستە».

فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، ئێوارەی هەینی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە بۆردوومان کرا، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە، جگە لە ئاگرێکی بچوک کە هەر بەزوویی کۆنتڕۆڵ کرا.