لە سلێمانی لەماوەی ٦ مانگدا ٥٦ کەس کوژراون

دادگای سلێمانی ڕایگەیاند، لە ٦ مانگی دەسپێکی ئەم ساڵدا، ٥٦ ڕووداوی کوشتن هەبوون، ٤١ پیاو و ١٥ ژن.

ئۆفیسی مافی مرۆڤی سلێمانی، لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژی دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ، بە ئامادەبوونی سەرۆکی دادوەریی دادگای پێداچوونەوەی تاوانی سلێمانی، دادوەران و دەروونناسان، هەستان بە سازدانی گفتوگۆیەکی کراوە دەربارەی هەڵکشانی ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتن.

لە گفتوگۆکەدا ئامارەکانی ساڵی ٢٠٢٢ بە بەراورد بە شەش مانگی سەرەتای ٢٠٢٣ کوشتن و خۆکوشتن لە پارێزگای سلێمانی خرایە ڕوو و تێیدا هاتبوو، لە ساڵی ٢٠٢٢ـدا، ٦٣ حاڵەت بووە کە خۆی دەبینێتەوە لە ٤٧ پیاو و ١٦ ژن، هەروەها لە شەش مانگی سەرەتای ٢٠٢٣ لە پارێزگای سلێمانی ٥٦ حاڵەت بووە کە خۆی لە کوشتنی ٤١ پیاو و ١٥ ژن دەبینێتەوە.

سەڵاح لەتیف دادوەر لە داواکاری گشتیی سلێمانی لەو گفتوگۆیەدا وتی: "زۆربەی هۆکارەکانی خۆکوشتن و کوشتن پەیوەندیی بە لایەنی کۆمەڵایەتیی و کەمتەرخەمی وەزارەتەکان و لایەنی ئابووریی و کاریگەریی سۆشیاڵ میدیاکانەوە هەیە".

هەروەها باسی لەوەشکرد، دیاردەی سوڵحکردن و مانەوەی لە ناو جڤاکی کوردیدا هۆکارێکی ترە بۆ  ئەوەی کەیسەکان لە دادگاکاندا دابخرێن و تاوانباران بەر لێبوردنی گشتیی بکەون.

هەروەها عومەر ئەحمەد سەرۆکی دادگای تاوانەکانی سلێمانی دەربارەی کار و چالاکییەکانی دادگای سلێمانی وتی: "کەناڵەکانی ڕاگەیاندن پێش دادگاکان دەستیات بە بکەرانی تاوانەکان دەگات و زۆر نابەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ بکەرانی تاوانەکانی کوشتن دەکەن، بە شێوازێک دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵی دادگاکان دەبین و تاوانباران دەکەن بە میوانی بەرنامەکان، ئەمەش وادەکات تاوانباران خۆیان ڕزگار بکەن لە سزای دادگان بە درووستکردنی بیانوو بۆ تاوانەکانەکانیان، پێویستە حوکمەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم بابەتە هەڵوێستی هەبێت و سزا بەسەر دەزگاکاندا بسەپێنێت".

هەروەها لوقمان سویدی، دەروونناس، قسەی کرد و گوتی: "لایەنی پەروەردەیی خێزانەکان و کۆمەڵگە ڕۆڵی سەرەکیان هەیە لە درووستبوونی کێشەکان و زیادبوونی ئامارەکانی خۆ کوشتن".