لە سلێمانی مەراسیمێک بۆ شەهید سەید ئەڤران ڕێکخرا

ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان، مەراسیمێک بۆ شەهید سەید ئەڤران ڕێکخرا.

ڕۆژنامەوان و نوسەر و شۆڕشگێڕ، سەید ئەڤران ٢٢ ی ئەم مانگە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە شەهید بوو. ئێوارەی ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی لە باشوری کوردستان، بە ئامادەبوونی هاوڕێ و هاوپیشە و ژمارەیەک لە ئازادیخوازان، بە مەراسیمێک یادکرایەوە.

مەراسیمەکە بە خولەکێک ڕێزگرتن دەستی پێ کرد. پاشان مۆم داگیرسێنرا و درووشمی "شەهید نامرێت، سەید نامرێت" بەرزکرایەوە.

پاشان ڕۆژنامەوان و هاوڕێی شەهید، عەزیز کۆیلۆ ئۆغلۆ، گوتی: " مرۆڤ هەرچەند هەوڵبدات ناتوانێت پێناسەیەکی تەواو بۆ شەهید "سەید" بکات، شەهید لە خانەوادەیەکی وڵاتپارێز لە دایک بوو، وەک خۆشی دەڵێت: لەژێر کاریگەریی باپیری بۆ کوردستانێکی ئازاد تێکۆشاوە".

هەروەها دووپاتی کردەوە، سەرەتای تێکۆشانی شەهید دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی زانکۆ، پاشان لە ڕاگەیاندنی ئازاد بەردەوام بوو، دواتر چووە ڕیزەکانی پەکەکە، لە هەموو ئەرکێکدا چالاکانە تێکۆشاوە؛ بەڵێنی دا، بە درێژەدان بە ڕێگەی شەهید.

پاشان، چەند دیمەنێک لەسەر ژیان و چالاکییەکانی شەهید سەید ئەڤران نمایشکرا.

لای خۆیەوە، سیاسەتمەداری کورد، محەمەد ئەمین پێنجوێنی، گوتی: "شەهید سەید ئەڤرەن، بە قەڵەم و کامێراکەی شەڕی ئازادیی دەکرد، جار جار یەکمان دەبینی، داوایکرد پێکەوە پرۆژەیەک ئەنجام بدەین، هەموو ئەو کەسانە بدوێنین کە سەردانی ڕێبەر ئۆجالانیان کردووە، دوای چەند ساڵێک بەڕێکەوت یەکدیمان بینیییەوە، گوتی "هەر ئەو پڕۆژەیە بە ئەنجام دەگەیەنین، مخابن شەهید بوو و بە جێی هێشتین".

پاشان، بەڕێوەبەری کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی، کەمال حەسەن، گوتی: " ئەوکاتەی دوژمن لە ئاسمان و زەوییەوە ڕۆژنامەنووسانی بە ئامانج دەگرت، بەڵام هەڤاڵ سەید بێ وچان و بێ دوو دڵی،هەمیشە لە تێکۆشاندا بوو بۆ شەرمەزارکردنی دوژمنانی گەلەکەمان".

دواتر، ژنە ڕۆژنامەنووس، سنور ڕەحمان، ئاماژەی بەوە کرد، شەهید هەمیشە هەوڵیداوە ژنان لە بواری ڕاگەیاندندا خۆیان پێشبخەن، لەم ڕووەوە، ڕۆڵی مەزنی هەبوو.

هاوڕێیەکی دیکەی شەهید، دڵزار عارف، باسی لە بۆچوون و شرۆڤە ورد و دروستەکانی شەهید کرد.

لە کۆتایی مەراسیمەکەدا، هاوپیشە و خوێندکاری شەهید، ڕێباز حەسەن،  گوتی: "خۆشبەختانە دەرفەتی ئەوەمان پێ بەخشرا، بۆ ماوەی پێنج ساڵ پێکەوە بین و لەژێر دەستیدا خۆمان پێشبخەین، کاتێک ١٦ی ئۆکتۆبەر لە کەرکووک ڕوویدا، هەر زوو ڕاگەیاندنەکانی دیکە ناوچەکەیان چۆڵکرد، بەڵام شەهید سەید کۆتا کەس لە کەرکووک دەرچوو، بەهەریەک لە زمانەکانی زازاکی، کرمانجی، سۆرانی و تورکی بارودۆخەکەی ڕووماڵدەکرد بۆ ڕای گشتیی، لە لای شەهید هیچ جیاوازییەک نەبوو لە نێوان ئامەد و کەرکووکدا".